تیپی مۆسیقای سلێمانی هاوکاری دارایی بۆ تووشبووانی شێرپەنجە کۆدەکاتەوە

K24 - سلێمانی

بە مەبەستی كۆكردنەوەی ھاوكاری بۆ تووشبووانی نەخۆشی شێرپەنجە، تیپی مۆسیقای سلێمانی كۆنسێرتێكی گۆرانی و میوزیکی لە شاری سلێمانی رێکخست، كە تەواوی داھاتی كۆنسێرتەکە دەبەخشنە ئەو  نەخۆشخانانەی كە تووشبووانی شێرپەنجە چارەسەر دەكەن.

لەژێر ناونیشانى "با هەمووان هاوکار و هاوسۆز و بەخشندەبین"، تیپى مۆسیقاى سلێمانى کۆنسێرتێکى خێرخوازیان لە سلێمانى سازکرد، بەمەبەستی کۆکردنەوەى داهات بۆ تووشبووانى شێرپەنجە، سەرۆکى تیپى مۆسیقاى سلێمانى دەڵێت: ئامانجەکە ئەوەیە هەمووان چاومان لێبکەن و بتوانن داهات بۆ تووشبووانى شێرپەنجە کۆبکەینەوە.

عادل محەمەد سەرۆکى تیپى مۆسیقاى سلێمانى، بە کوردستان24ی راگەیاند: "ئامانجی ئێمە ئەوەیە ئەو داواکاریانەی سەنتەرەکانی چارەسەری تووشبووانی شێرپەنجە هەیانە، لە رێگەی ئێمەوە هاوکاریان بکرێت، ئینجا چ خەڵک و دەوڵەمەندەکان یان حکومەت ئاوڕی جددیان لێبدەنەوە".

جگە لە ئامادەبوونى هونەرمەندە دێرینەکان، بەشێک لە قوتابخانەکانیش لەو کۆنسێرتە ئامادەبوون و قوتابیان دووپاتیان لەوە دەكردەوە، ئەگەر بەوشەیەکیش بێت هاوکاریكردنی تووشبووانى شێرپەنجە ئەرکێکی گرنگ و پێویستە ئەنجامی بدەین.

بەهۆى زۆرى سەردانیکاران بۆ نەخۆشخانەى هیواى تایبەت بە چارەسەری شێرپەنجە لەسەرجەم شارەكانی عێراقەوە، فشارێکى زۆر لەسەر نەخۆشخانەكە و پزیشکەكانێتى، ھەر بۆیە بەشێک لە رێکخراوەکان بەرێگەى جیاجیا بۆ هاوکاریكردنی تووشبووانى شێرپەنجە کەمپین رادەگەیەنن.