شاندێكی باڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئێران كۆبوونه‌وه‌

کۆبوونەوەی شاندی ئێران و عێراق
کۆبوونەوەی شاندی ئێران و عێراق

K24 - هەولێر:

شاندێكی باڵای عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ تاران تاووتوێی دۆخی ئه‌منی و بۆردومانه‌كانی ئێران بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن،

قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، کە بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا لە ئێرانە، لەگەڵ حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی ئێران کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لە هەماهەنگی ئەمنی نێوان هەردوولا کرایەوە و ئاژانسی میهری ئێرانیش ئاماژە بەوەدەکات، عەبدوڵڵاهیان لەو کۆبوونەوەیە گوتوویەتی، ئاسایشی عێراق بە ئاسایشی ئێران دادەنێن، بەڵام ئەوان چاوەڕوانی ئەوە ناکەن خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە گۆڕەپانێک بۆ کردەوە تیرۆریستییەکان و هەڕەشە بۆ سەر ئێران.

وەزیری دەرەوەی ئێران داواشی کردووە، عێراق و هەرێمی کوردستان، بەرپرسیارێتی لە رووبەڕووبوونەوەی ئەو گرووپانە لە ئەستۆ بگرن. راشیگەیاندووە، ئێران عێراقێکی ئازاد و سەربەخۆی دەوێت و جگە لە بەختەوەری خەڵکی عێراق هیچی دیکەمان ناوێت، بەڵام "ناتوانین چیدیکە بەرگەی بەردەوامبوونی چەکدارانی گرووپە دژبەرەکانی لە هەرێمی کوردستان و جموجۆڵەکانیان بگرین".

لای خۆیەوە قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق، ئێرانی دڵنیاکردووەتەوە لەوەی دەستووری عێراق رێگە بەو گرووپانە نادات کە ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ بخەنە مەترسییەوە و عێراق و هەرێمی کوردستانیش رێگە بە هیچ گرووپێک نادات ئاسایشی ئێران بکاتە ئامانج.

کۆبوونەوەی شاندی ئێران و عێراق و هه‌رێمی كوردستان، دوای بۆردومانه‌كانی رۆژی 28/9/2022، سوپای ئێران لە رێگەی 73 مووشەکی بالیستی و دەیان درۆنەوە چەندین ناوچەی هەرێمی کوردستانی کردە ئامانج، لە ئەنجامدا 18 کەس گیانیان لەدەستدا و بە دەیانی دیکەش برینداربوون.