تائێستا بەشێک لە ئاوارەکانی 16ی ئۆکتۆبەر نەگەڕاونەتەوە زێدی خۆیان

kurdistan24.net

K24 - هەولێر

رووداوەكانی پاش 16ی ئۆكتۆبەری 2017، رەوشی كۆمەڵایەتی و ئابووری و ژیانی سەدان خێزانی  شاری کەرکووکی تێكدا، بەجۆرێك كە ھێشتا ژمارەیەكیان لە سنووری پارێزگای هەولێردا بە ناچاری نیشتەجێن و ساتەوەختە پڕ لە ئازارەکانی 16ی ئۆکتۆبەریان بیرنەچووەتەوە.

دوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەر شوێن لە هەولێر بەناوی کۆمەڵگەی ئاوارەکانی 16ی ئۆکتۆبەر بۆ ئەو خێزانانە کرایەوە کە بەهۆی ئەو رووداوانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان جێهێشووە، پەیمان عەبدولکەریم یەکێک لەو ئاوارانەیە کە پێنج ساڵە لەگەڵ هاوسەر و سێ منداڵەکەی لە کۆمەڵگەی ئاوارەکانی 16 ئۆکتۆبەر لە هەولێر نیشتەجێن، وەکخۆی دەڵێت، پێشتر ھەرگیز پێشبینی نەكردووە کەرکووک جێبهێڵن، ئەو رۆژەی كەركووكیان بەجێھێشتووە بە سێ كاتژمێر گەیشتوونەتە هەولێر، و تەنیا شیری منداڵە ساواکەیان ھێناوە، رووداوەكانی ئەو رۆژە بۆ پەیمان هێندە ناخۆشە كە خۆی باسی دەکات. تا مردن بیریان ناچێتەوە.

پەیمان، دەڵێت: "ئەو شەوە زۆر ناخۆشبوو، خەڵک دەیانگوت دۆخەکە زۆر ناخۆشە و پێشمەرگە لە ئامادەباشیدابوو، دواتر کە بەرەو هەولێر رامانکرد، تەنها هەندێک ئاو و شیرم بۆ کۆرپەکەم هێنا".

یەشار جەبار، ئاوارەیەکی دیکەیە و لە شەڕی 16 ئۆکتۆبەردا بەشداربووە، تائێستا ناتوانێت بۆ کەرکووک بگەڕێتەوە، چونکە خۆی دەڵێت: گرەنتی بۆ سەلامەتبوونی نییە، کاتێکیش ئەو رۆژەی بیر دەکەوێتەوە، هیوا دەخوازێت 16ی ئۆکتۆبەر لەناو  رۆژژمێریشدا دەربهێندرێت. ئەو بە کوردستان24ی گوت: "ئێمە خۆمان بۆ شەڕێکی گەورە ئامادەکردبوو، پێمان خۆشبوو شەهید بووباین، بەڵام کەرکووکمان جێنەهێشتبایە، دواتر پێشمەرگەمان بینی لە کەرکووک دەکشانەوە، پێمان گوتن: بۆ دەڕۆن گوتیان فەرمانمان پێکراوە، بەشێک لە پێشمەرگەکان دەگریان پێیان ناخۆشبوو کەرکووک و ناوچەکانی دیکە چۆڵ بکەن".

پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر روداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەردا، تاوەکوو ئێستا بە سەدان خێزان ناتوانن بۆسەر ماڵوحاڵی خۆیان بەگەڕێنەوە، و چاوەڕێ دەکەن لە کەشێکی ئازاد و ئارامدا بۆ شاری کەرکوک بگەڕێنەوە و دووربن لەو تەنگوچەڵەمانەی، کە ئیدارەی سەپێندراوی کەرکووک بۆ هاووڵاتیانی کوردی شارەکەی دروستی دەکات.