دەستەی دەستپاکی عێراق لێکۆڵینەوە لە دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دینار دەکات

"ئەو تاڵانییەی لە پارەی دەستەی گشتی باج کراوە بە ئاسانی تێناپەڕێت"
دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 - سلێمانی:

پرسی دیارنەمانی 3.7 ترلیۆن دیناری عێراقی لە بانکی رافیدەین کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە و دەستەی دەستپاکی دەڵێت، دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.

ئەمڕۆ یەکشەممە (16-10-2022) دەستەکە لە راگەیەندراوێکدا ئەوەی خستووەتەڕوو، پێشتر لێکۆڵینەوەیان لەو دۆسییەدا کردووە و لە ئێستادا خراوەتە بەردەم دادگا کە نووسراوی وەزارەتی دارایی لەگەڵدا هاوپێچ کراوە.

ئاماژەی بەوەشکردووە، "پێشتر دادگا فەرمانی بانگهێشتکردنی بۆ بەرپرسانی باڵا لە وەزارەتی دارایی دەرکردووە سەبارەت بە هەبوونی ئەو کەلێنانەی کە بوونە هۆی بردنی ئەو بڕە پارە زۆرەیە و ئەو ئابڕووچوونە لە دارایی گشتی".

هەروەها دەستەکە داوای لە وەزارەتی دارایی کردووە لێکۆڵینەوە لە دزەپێکردنی ئەو نووسراوە بکات بۆ میدیاکان، کە رۆژی پێنجشەممە لە کۆتایی دەوامی فەرمی بڵاوکراوەتەوە.

هاوکات موحسین مەندەلاوی، جێگری یەکەمی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق رایگەیاندووە، "ئەو تاڵانییەی لە پارەی دەستەی گشتی باج کراوە بە ئاسانی تێناپەڕێت و لە رۆژانی داهاتوودا ئەنجوومەنی نوێنەران هەڵوێستی توندی دەبێت".

ئەمەش دوای ئەوە هات، لە میدیاكان و تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نووسراوێك بڵاوکرایەوە كە لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاڕاستەی دەستپاکی کراوە سەبارەت بە دیارنەمانی پارەی باج لە بانكی رافیدەین بەبڕی (3.7) ترلیۆن دیناری عێراقی.

رۆژی شەممە ئیحسان عەبدولجەبار پاش دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی وەزیری دارایی بە وەکالەت رایگەیاند، "دوای ئەوەی سەلماندمان کە 3.7 ترلیۆن دینار (2.5 ملیار دۆلار) لە پارەی باج لە بانکی رافیدەین لە لایەن کۆمەڵێک کەسی دیاریکراوەوە دزراوە، ئەنجامی لێکۆڵینەوەکەمان رادەستی لایەنی پەیوەندیدار کردووە".