تۆمارێکی دەنگی بافڵ تاڵەبانی کاردانەوەی لێدەکەوێتەوە

kurdistan24.net

K24 - سلێمانی

پاش ئەوەی  سەرۆكی یەكێتی نیشتمانی كوردستان لە تۆمارێكی دەنگیدا راگەیاند، مەكتەب سیاسی لە بەغدا دەكەنەوە بۆ چارەسەری كێشەكانی هەرێمی كوردستان،  كاردانەوەی لەنێو هاووڵاتیان و چاودێرانی سیاسی لێكەوتووەتەوە، بەشێك لە چاودێران بە كارێكی گونجاوی دەزانن و بەشێكی دیكەشیان پێیانوایە ئەو هەنگاوە ناتوانێت هیچ كێشەیەك لەگەڵ بەغدا چارەسەر بكات.

كامەران مەنسور، هاووڵاتییەکی دانیشتووی سلێمانییە و دەڵێت: "بارەگا لە هەر شوێنێک بێت، هیچ کاریگەری نابێت لەسەر گۆڕانکارییەکان، ئەگەر تۆ سەنگت هەبێت لە هەر شوێنێک بیت جیاوازی نییە، سیاسەت و دانوستان لەگەڵ لایەنەکان بە‌ بەهێزییەوە دەکرێت، ئەگەر هێزێکی یەکگرتوو نەبیت لەناو ماڵی خۆت لە دانوستان لاواز دەبیت، تا کورد لەناو ماڵی خۆی یەکدەست و یەکدەنگ نەبێت ناتوانێت ئامانجەکانی بینێتەدی".

بڕیارەكەی سەرۆكی یەكێتی كاردانەوەی جیاوازی چاودێرانی سیاسی لێكەوتووەتە، بەشێكیان بە باش و بەشێكی دیكەشیان بە باشی نازانن، بەڵام هەمووان كۆكن لەسەر ئەوەی ئەو بڕیارە نابێت لەسەر حسابی كۆدەنگی هێزەكان بێت لە ناوخۆدا.

دڵشاد رەحمان چاودێری سیاسی، بە کوردستان24ی گوت: "دروستکردنی پەیوەندییەکی توندوتۆڵ لەنێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا، ئەرکێکی هەنوکەیی و پێویستە، دروستکردنی ئەو پەیوەندییە چ پارتی بە تەنیا بێت یان یەکێتی یان هەردووکیان پێکەوە، چونکە ئەو دوو هێزە، کۆڵگەی حکومەتی هەرێمی کوردستانن".

گوتیشی: "پێویستە پارتی و یەکێتی و هەموو هێزەکانی دیکە لە بەغدا گرنگی بە پەیوەندییەکانیان بدەن لە بەغدا، بەڵام هەر هێزێک بەپێی پلانی خۆی پلانەکەی جێبەجێ دەکات".

هەر لەسەر ئەو پرسە كەیوان ئازاد مامۆستای زانكۆ دەڵێت: "مەكتەبی سیاسی هەموو حزبەكانی كوردستان ببرێتە بەغدا هیچ لە كێشەی كورد لە بەغدا ناگۆڕێت، مێژووی سەد ساڵی عێراق بە ئێمە دەڵێت، كە دەوڵەتی عێراق دەسەڵاتدارانی عەرەب لە عێراق ئامادەنین لە دەسەڵاتدا مافەكانی كورد بدەن ئەمە لە مێژوودا ئەوە بڕاوەتەوە، هەر هێندەمان پێدەدەن كە پێشتر پێیان داوین".

بافڵ تاڵه‌بانی، له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی یه‌كێتی له‌ به‌غدا له ‌تۆمارێكی ده‌نگیدا كه‌ به‌شێك له‌میدیاكان بڵاویانكردووه‌ته‌وه‌ رایگه‌یاندوە: "به‌رنامه‌مان هه‌یه‌ مه‌كته‌بی سیاسی لە بەغدا بكه‌ینه‌وه‌، كێشه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێمی کوردستان لێره‌وه‌ چاك ده‌كه‌ینه‌وه‌، كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌ به ‌شوێنێك كه‌ خۆمان ده‌زانین ئه‌و كوردستانه‌  چۆن بێت".