حزبی کۆمۆنیستی چین، چۆن ئەو وڵاتە گەورەیە بەڕێوەدەبات؟

حزبی کۆمۆنیستی چین زیاتر لە 90 ملیۆن ئەندامی هەیە
حزبی کۆمۆنیستی چین زیاتر لە 90 ملیۆن ئەندامی هەیە

K24 – هەولێر

بیستەمین کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی چین، ئەمڕۆ (یەکشەممە 16ـی تشرینی دووەم) لە شاری پەکین بەڕێوەدەچێت. پرسیارەی سەرەکی ئەوەیە، چۆن ئەو حزبە وڵاتیکی گەورەی وەک چین بەڕێوەدەبات؟

حزبی کۆمۆنیست لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی 1949ـەوە، چین بەڕێوەدەبات. رۆڵی سەرۆکی ئەو حزبە لە دەستووری هەمیشەییدا هاتووە و حکومەت، پۆلیس و سوپا لەلایەن حزبەکەوە کۆنترۆڵ دەکرێت.

ئەو حزبە زیاتر لە 90 ملیۆن ئەندامی هەیە و (شی جین پینگ) وەک سەرۆک، لە سەرووی هەموو دەسەڵاتەکانەوەیە. سەرۆکی حزبی کۆمۆنیست، هاوکات سەرۆککۆماری وڵاتیشە.

رۆلی پەرلەمانی چین زۆر سنووردارە و لە پەسندکردنی بڕیارەکانی رێبەرایەتی حزبی کۆمۆنیستدا، کورت دەکرێتەوە.

نزیک بە 7٪ـی خەڵکی چین، ئەندامی حزبی کۆمۆنیستن و سەرکەوتن لەو وڵاتەدا، پەیوەستە بەوەی لە هەموو بوارەکاندا، هەر لە سیاسەت و ئابوورییەوە بگرە تا هونەر، ئەندامیکی دڵسۆزی ئەو حزبە بیت.

کەسانی سەرکەوتووی وەک (جەک ما) خاوەنی عەلی بابا، (رێنگ ژێنگفی) خاوەنی هواوی و (فینگ بیگبین)ـی هونەرمەند، ئەندامی حزبی کۆمۆنیستن.

ئەو حزبە بە هیچ شێوەیەک دژبەرانی بێروبۆچوون و ئایینی خۆی، قبووڵ نییە. هەر حزبێک ئەگەر دژی حزبی کۆمۆنیست بێت، مۆڵەتی پێنادرێت و ئەو کەسانەی رەخنە لە حکومەت دەگرن، چاودێری دەکرێن و ئازار دەدرێن.

لە کۆنگرەی ئەو حزبەدا، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی هەڵدەبژێردرێن و ئەوانیش ئەندامانی مەکتەبی سیاسی حزب، دیاری دەکەن.

پێشتر گفتوگۆ و رێککەوتن لەبارەی ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی و مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە کراوە و دەسەڵاتی راستەقینەش لەبەردەستی مەکتەبی سیاسی دایە.

ئێستا (شی جین پینگ) لە سەرووی رێبەرایەتی ئەو حزبەدایە. تا کۆبوونەوەی ساڵی 2018ـی ئەو حزبە، سەرۆکی حزب دەیتوانی تەنها بۆ ماوەی دوو خوولی سەرۆکایەتی کۆمار، لەو پۆستەدا بمێنێتەوە، بەڵام ئەو بڕیارە لەو ساڵەدا هەڵوەشێندرایەوە و لە ئەنجامدا (شی جین پینگ) دەتوانێ بۆ ماوەیەکی نادیار پارێزگاری لە پۆستەکەی خۆی بکات.

هەر پێنج ساڵ جارێک، کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست بەڕێوە دەچێت و پێدەچێت (شی جین پینگ) لەو کۆنگرەیەشدا بۆ سێیەمین جار ببێتەوە سەرۆککۆمار، رووداوێکی دەگمەن کە تا ئێستا هاوشێوەی نەبووە.

سوپای چین زیاتر لە دوو ملیۆن ئەندامی هەیە
سوپای چین زیاتر لە دوو ملیۆن ئەندامی هەیە

مەکتەبی سیاسی زۆرترین دەسەڵاتی هەیە

مەکتەبی سیاسی، زۆرترین دەسەڵاتی هەیە، پارێزگاری لە بەرەوپێشچوونی سیاسەت و ستراتیژی حزب دەکات و ئەنجوومەنی حکومی، کۆمیسیۆنی ناوەندیی سەربازی و پەرلەمان کۆنترۆڵ دەکات.

لە راستیدا ئەنجوومەنی حکومی، هەر حکومەتە کە لەلایەن سەرۆکوەزیرانەوە بەڕێوە دەبردرێت و دەسەڵاتەکانی لە خوار سەرۆککۆمارە. ئێستا (لی کە چیانگ) سەرۆکوەزیرانی چینە.

ئەنجوومەنی حکومی، سیاسەتەکانی حزب لە تەواوی وڵات جێبەجێ دەکات، بۆ نموونە بەرنامەی ئابووری نیشتمانی و بوودجەی حکومەت.

مێژووی نێوان حزب و سوپای وڵات، بۆ سەردەمانی پاش شەڕی جیهانیی دووەم و شەڕی ناوخۆیی دەگەڕێتەوە. کۆمیسیۆنی ناوەندەیی سەربازی، پەیوەندی نزیکی نێوان حزب و سوپای، وەک نەریتێک لێکردووە.

ئەو ناوەندە، بنکە ئەتۆمییەکانی چین کۆنترۆڵ دەکات و بە بوونی زیاتر لە دوو ملیۆن سەرباز، وەک گەورەترین سوپای جیهان دەناسرێت.

پێدەچێت (شی جین پینگ) لەو کۆنگرەیەشدا بۆ سێیەمین جار ببێتەوە سەرۆککۆماری چین
پێدەچێت (شی جین پینگ) لەو کۆنگرەیەشدا بۆ سێیەمین جار ببێتەوە سەرۆککۆماری چین

کۆنترۆڵی دەسەڵات لەلایەن سەرۆکەوە

حزبی کۆمۆنیستی چین کە لە لایەن (ماو زیدۆنگ)ـەوە دامەزراوە، لە رێگەی سیستەم و سیاسەتێکی سۆسیالیستی پاوەنخوازەوە، وڵات بەڕێوە دەبات.

ئەو کاتەی (ماو زیدۆنگ) لە ساڵی 1949 کۆنترۆڵی چینی بەدەستەوە گرت، چین وڵاتێکی هەژار بوو و هەوڵەکانی بۆ بەپیشەسازیکردنی ئابووریی وڵات کە گوندنشین و کشتوکاڵی بوو، کارەساتی لێکەوتەوە. ئەو هەوڵانە، قاتوقڕی بەدواوەوە هات و دەیان ملیۆن خەڵک بوونە قوربانی.

بشێویی شۆڕشی کەلتووری، داوێنی چینی گرتەوە و لەو نێوەدا (ماو زیدۆنگ) لە هەموو کەسێک بەگومانبوو و هەوڵی لادانی رکاربەرەکانی لە ناو حزب دا. ئەو، داوای لە گەنجان کرد رووبەڕووی پشێوییەکە ببنەوە و ئەمەش دووبەرەکی و ناکۆکیی ناو خەڵکی لێکەوتەوە، توندوتیژی پەرەی سەند و ملیۆنان کەس بە ناپاکی بەرامبەر بە ئامانجەکانی چینی کۆمۆنیست، تۆمەتبار کران.

مردنی (ماو زیدۆنگ) لە ساڵی 1976 کۆتایی بەو چیرۆکە هێنا و دوای ماوەیەک، چین دەرگاکانی بەڕووی جیهانی دەرەوەدا کردەوە.

بەدەستەوەگرتنی دەسەڵاتی حزبی لەلایەن (دێنگ شیائۆپینگ) جێبەجێکردنی شۆڕشێکی فەرهەنگی، بووە هۆی چاکسازی گرنگی ئابووری و دواجار گەشەی خێرا و لەناکاوی چینی لێکەوتەوە.

لەو کاتەیدا کە جووڵەی بازرگانی زۆربوو و پێدەچوو ناکۆکی لەگەڵ رۆژئاوا روو لە کزییە، حزبی کۆمۆنیست دیسان کۆنترۆڵی تەواوی بەدەستەوە گرت. کۆنترۆڵی چین لە لایەن ئەو حزبەوە لە هەندێ کات و شوێندا، بە توندوتیژی بووە، وەک کوشتنی خۆپێشاندەرانی گۆڕەپانی (تیانانمەن)ـی پەکین لە ساڵی 1989.

(شی جین پینگ) ساڵی 2012 بوو بە سەرۆککۆماری چین و هەندێ کەس پێیانوایە دوای (ماو زیدۆنگ) دیکتاتۆرترین سەرۆکی چینە.

رۆژانە سانسۆری ئینتەرنێت زیاتر دەبێت، چالاکانی سیاسی دەستگیر و ئەندامانی باڵای حزب سەرکوت دەکرێن، ئەو رەوتە پێی دەگوترێت "لادانی رکابەرانی شی جین پینگ".

سەرۆکی چین ئەو تۆمەتانە رەت دەکاتەوە. بەشیک لە وڵاتانیش بە هۆی سەرکوتکردنی "ئیگۆرییەکان" کە زۆربەیان موسڵمانن، چین بە جینۆساید تۆمەتبار دەکەن.

میدیا و ئینتەرنێتی چین (وەکو سۆسیال میدیای ویبۆ) زۆر بە وردی کۆنترۆڵ دەکرێن.

کۆنترۆڵکردنی تەواوی میدیا و سۆشیال میدیاکان یارمەتی حزبی کۆمۆنیست و (شی جین پینگ)ـیان داوە، رای گشتی بۆ لای خۆیان رابکێشن و دۆخەکەش کۆنترۆڵ بکەن.