سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان كۆبووه‌وه‌

هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكارى و پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌

K24 – هەولێر

نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ جه‌نه‌راڵ ماتيو ماكفارلان فه‌رمانده‌ى گشتيى هێزه‌كانى هاوپه‌يمانان له‌ عێراق و سووريا و شاندێكى ياوه‌رى، ده‌رباره‌ى دوايين پێشهاته‌ ئه‌منييه‌كان و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسييه‌كانى تيرۆر و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش له‌ عێراق و سووريا، دوا ياداشتى لێكگه‌يشتنى پێنتاگۆن له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، پرۆسه‌ى چاكسازى له‌ وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ و يه‌كخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌.

لەو کۆبوونەوەیەدا کە به‌يانيى ئه‌مڕۆ (يه‌كشه‌ممه، 16ـی تشرینی یەکەم) له‌ هه‌ولێر بەڕێوەچوو، هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ گرنگيى به‌رده‌واميى هاريكارى و پشتيوانيى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ تا له‌ناوبردنى يه‌كجاره‌كي داعش و نه‌هێشتنى مه‌ترسى و هه‌ڕه‌شه‌كانيان له‌سه‌ر ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق و سووريا و ناوچه‌كه‌ به‌گشتى.

له‌مباره‌يه‌وه‌ جه‌نه‌راڵ ماكفارلان، پابه‌نديى هاوپه‌يمانيى نێوده‌وڵه‌تيى به‌ به‌رده‌واميى پشتگيريى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌ شه‌ڕى دژى تيرۆردا دووپاتكرده‌وه‌ و هه‌ردوولا هاريكاريى و هه‌ماهه‌نگيى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه‌يان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش به‌ پێويست زانى.

دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان، دوا په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى پرۆسه‌ى سياسى و هه‌ڵبژاردنى سه‌ركۆمارى عێراق و ئه‌ركداركردنى سه‌رۆك وه‌زيرانى راسپێردراو بۆ پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكوومه‌تى فيدراڵيى عێراق، دوا پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو كه‌ به‌ڕێزان وه‌زيرى پێشمه‌رگه‌ى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و كونسوڵى گشتيى ئه‌مه‌ريكا له‌ هه‌رێمى كوردستان، ئاماده‌ى بوو.

.