هرانا: 240 خۆپێشاندەر لە ئێران کوژراون

خۆپێشاندان لە تاران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی
خۆپێشاندان لە تاران بۆ سەرکۆنەکردنی کوژرانی ژینا ئەمینی

K24 – هەولێر

چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران (هرانا) لە دوایین راپۆرتی خۆیدا، رایگەیاندووە کە لە خۆپێشاندانەکانی ئەمدواییەی ئێراندا، 240 خۆپێشاندەر و لەوانە 32 منداڵ، گیانیان لەدەستداوە.

(هرانا) رۆژی یەکشەممە (16ـی تشرینی یەکەم) ئامارێکی نوێی لەبارەی قوربانیانی خۆپێشاندانەکانی مانگی رابردوو بڵاوکردەوە. بەپێی ئەو ئامارانە، لە میانەی خۆپێشاندان و گرژییەکان، 26 ئەندامی هێزە ئەمنییەکانی ئێرانیش لەو ماوەیەدا گیانیان لەدەستداوە.

کۆماری ئیسلامیی ئێران تا ئێستا ئامارێکی وردی لەبارەی ژمارەی قوربانیان و گیراوان بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام (هرانا) بە پشتبەستن بەو زانیاریانەی کە پێیگەیشتووە، دەڵێ: تا ئێستا نزیک بە 7800 خۆپێشاندەر دەستگیرکراون، ناسنامەی 738 کەس ناسراوە، لەوانە 175 قوتابی زانکۆ.   

هەر بە پێی ئاماری بڵاوکراو لە لایەن چالاکانی مافی مرۆڤی ئێران، تا ئێستا 453 خۆپێشاندان و گربوونەوە لە 111 شار و شارۆچکە و 73 زانکۆ بەڕێوەچووە.