بەهۆی بۆردوومانی تورکیاوە هاووڵاتییەکی دەڤەری برادۆست بریندار دەبێت

.
.

K24 – هەولێر

تەیفور محەممەد پەیامنێری کوردستان24 رایگەیاند، بەهۆی بۆردوومانی تورکیا بۆ سەر دەڤەری برادۆست هاووڵاتییەک بریندارە.

ئیحسان چەلەبی، بەڕێوەبەری شارەدێی سیدەکان بە کوردستان24ی گوت: "ئەمڕۆ سوپای تورکیا لە رێگەی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان چەند ناوچەیەکی دەڤەری برادۆستی لە سنووری ناحیەی سیدەکات بۆردوومان کرد، بەوهۆیەوە هاووڵاتییەک لە کوێستانەکانی لۆلانی سنووری سیدەکان برینداربوو".

راشیگەیاند: "ئەو هاووڵاتییەی بریندارە ئافرەتێکی تەمەن 30 ساڵە بەناوی شەرمین ئەسعەد، ئافرەتەکە دانیشتووی سەنتەری ناحیەی سیدەکانە، بۆ سەردانی خزمانی سەردانی ئەو شوێنەی کردووە و ئێستا لە نەخۆشخانە چارەسەری پزیشکی بۆ دەکرێت".

بەڕێوەبەری ناحیەی سیدەکان روونیکردەوە، بۆردوومانەکەی تورکیا لە کاتژمێر 12:30 خولەکی نیوەڕۆی ئەمڕۆ دەستیپێکرد و هەر یەک لە هاوینەهەوار رۆبی و رواڵیان لە کوێستانەکانی لۆلان کەوتوونەتە بەر بۆردوومانەکە.

ناحیەی سیدەکان سەر بە قەزای سۆرانە لە سنووری پارێزگای هەولێر، هاوسنوورە لەگەڵ هەردوو وڵاتی ئێران و تورکیا، بەهۆی بوونی بنکە و بارەگاکانی پەکەکە لە ناوچەکە لە ماوەی رابردوودا چەندین جار گوند و کوێستانەکانی سنوورەکە بۆردوومان و تۆپباران کراون و زیانی گیانی و ماددی لێکەوتووەتەوە.