نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی كورد له زانكۆیه‌كی كه‌نه‌دا دكتۆرای فه‌خری پێده‌به‌خشرێت

K24 – هه‌ولێر:
زانكۆی ئه‌لبێرتای كه‌نه‌دی خه‌ڵاتی دكتۆرای فه‌خری ده‌به‌خشێته جه‌لال به‌رزنجی، نووسه‌ر و رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی كورد.
زانكۆی ئه‌لبێرتا له ماڵپه‌ڕی فه‌رمی خۆی بڵاویكردووه‌ته‌وه، رۆژی (23ی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، "له مه‌راسیمێكدا رێزێکی بەرفراوان له جه‌لال به‌رزنجی دەگیرێت بۆ کاره نایابه‌كانی وەک نووسەر و داکۆکیکاری مافی مرۆڤ و ئازادی رادەربڕین".
له‌باره‌ی ناساندنی ئه‌و كه‌سایه‌تییه كورده‌وه، زانكۆی ئه‌لبێرتای كه‌نه‌دی نووسیویه‌تی، جه‌لال به‌رزنجی، وەک رۆژنامەنووس، نووسەر و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری هونەر لە وەزارەتی رۆشنبیری لە هەرێمی کوردستان، بەرگەی زیندانی و دەربەدەری گرتووە پێش ئەوەی لە ساڵی 1998 لەگەڵ بنەماڵەکەیدا رووبكه‌نه وڵاتی کەنەدا.
جه‌لال به‌رزنجی، چه‌ندین خەڵاتی به‌ده‌ستهێناوه به‌هۆی به‌رهه‌مه بڵاوكراوه‌كانی له بواره جیاجیاكانی نووسیندا، لەنێویاندا كتێبی بیرەوەرییەکانی به‌ناوی (پیاوی بیجامە شینەکە).
له‌ماوه‌ی رابردوودا، جه‌لال به‌رزنجی وه‌ك نووسه‌ر و راهێنه‌ر له كۆمه‌ڵگه‌ی كه‌نه‌دیدا به‌تایبه‌تی له شاری ئێدمۆنتۆن، رۆڵی به‌رچاوی هه‌بووه له بواری په‌روه‌رده و هاوكاریكردنی گه‌نجان و په‌نابه‌ران. هه‌روه‌ها داكۆكیكارێكی چالاكبووه له بواره‌كانی مافی مرۆڤ و ئازادی راده‌ربڕین و هاندان بۆ پێكه‌وه‌ژیانی كلتوره جیاوازه‌كان.
زانكۆی ئه‌لبێرتا یه‌كێكه له زانكۆ به‌ناوبانگ و ئاستبه‌رزه‌كانی وڵاتی كه‌نه‌دا و پێشتر چه‌ندین كه‌سایه‌تی ناسراوی جیهانی بۆ پێشكه‌شكردنی خه‌ڵاتی رێزلێنانی دكتۆرای فه‌خری، كاندیدكردووه.
جه‌لال به‌رزنجی، له ساڵی 1953 له شاری هه‌ولێر له‌دایكبووه، خاوه‌نی چه‌ندین كتێب و بڵاوكراوه‌یه‌كه، یه‌كه‌م به‌رهه‌می شیعری له ساڵی 1979 بڵاوكردووه‌ته‌وه و چه‌ندین توێژینه‌وه و گوتاری له‌باره‌ی دیموكراسی، ئازادی و ئاشتی بڵاوكردووه‌ته‌وه، له‌رێگه‌ی نووسینه‌كانی به زمانی ئینگلیزی، وه‌ك نووسه‌رێكی به‌ناوبانگی كورد له‌سه‌ر ئاستی جیهان ناسراوه.