ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح كاندیدی سه‌ره‌كییه‌ بۆ ئه‌وه‌ی ببێته‌ راهێنه‌ری یانه‌ی هه‌ولێر

ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح
ئه‌حمه‌د سه‌ڵاح

K24 - هه‌ولێر:

ئەحمەد سەڵاح كاندیدی سەرەکییە بۆ ئەوەی له‌ شوێنی نزار مه‌حرووس ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر بگرێتە ئەستۆ، كه‌ دوای دوو دۆڕانی له‌سه‌ر یه‌ك ده‌ستی له‌ راهێنه‌ڕایه‌تیكردنی یانه‌ی هه‌ولێر كشانده‌وه‌.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەحمەد سەڵاح یاریدەدەری راهێنەری شوڕتە كاندیدی سەرەکییە بۆ ئەوەی ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر بگرێتە دەست، دەستەی کارگێڕی یانەکەی قەڵاومنارە دوای ئەوەی گفتوگۆی لەگەڵ باسم قاسم راهێنەری مینا کرد بۆ ئەوەی شوێنی نزار مەحرووس بگرێتەوە و باسم قاسم رەتیکردەوە واز لە راهێنەرایەتی یانەی مینا بهێنێت، ئێستا لەگەڵ ئەحمەد سەڵاح لە گفتوگۆدایە بۆ ئەوەی لە شوێنی نزار مەحرووس ئەرکی راهێنەرایەتی یانەکە بگرێتە دەست.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، ئەحمەد سەڵاح حەز دەکات ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر بگرێتە ئەستۆ کە پێشتر وەکو یاریزان نازناوی خولی نایابی عێراقی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە، بەڵام گرێبەستی لەگەڵ یانەی شوڕتە هەیە و ئەمە بەربەستی سەرەکییە لە بەردەم رێککەوتنی نێوان هەولێر و ئەحمەد سەڵاح.

گەرچی دەنگۆی ئەوە هەیە قوسەی مونیر یان ئەحمەد موناجد ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی هەولێر بگرنە دەست، بەڵام یانەکەی پایتەخت بە شێوەیەکی فەرمی تا ئێستا تەنیا گفتوگۆی لەگەڵ باسم قاسم و ئەحمەد سەڵاح کردووە.

ئەحمەد سەڵاح دوو ساڵ لەمەوبەر ئەرکی راهێنەرایەتی یانەی زاخۆی گرتە دەست و لە یەکەم ئەزموونیدا لەگەڵ یانەکە ئەنجامی باشی بەدەستهێنا.