سەرۆک کۆمار: هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا دەدەم

"خەڵک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزە کە لە خزمەت خەڵکدا بێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات"

K24 – هەولێر

دەرگای کۆشکی سەلامی بەغدا بە شێوەیەکی فەرمی بە رووی لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراقدا کرایەوە و لە گوتارێکدا، دووپاتی لە هەوڵەکانی بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش لە نێوان هێزە سیاسییەکانی وڵات و چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا لەسەر بنەمای دەستووری هەمیشەیی وڵات کردەوە.

ئەمڕۆ (دووشەممە 17ـی تشرینی یەکەم) لە کۆشکی سەلامی بەغدا، رێوڕەسمی دەستبەکاربوونی لەتیف رەشید وەک سەرۆک کۆماری عێراق، بەڕێوەچوو.

سەرۆک کۆمار بەسەر فەڕشی سووردا تێپەڕی و دەرگای کۆشکی سەلامی بەڕوویدا کرایەوە. سەرۆک کۆمار لە ناو ژمارەیەک میوان کە لە ناو هۆڵەکەدا دانیشبوون، وتارێکی پێشکەشکرد و سوپاسی هەموو ئەو لایەنانەی کرد کە هەوڵ بۆ بەهێزکردنی عێراق دەدەن.

ئەو، هاوکات لەگەڵ ئاماژەدان بۆ هەوڵەکانی لەپێناو بنیاتنانی پەیوەندییەکی باش و پتەو لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا، گوتی: خەڵک چاوەڕوانی پێکهێنانی حکومەتێکی بەهێزە کە لە خزمەت خەڵکدا بێت و داواکارییەکانیان جێبەجێ بکات.

سەرۆک کۆماری وێڕای سوپاس و ستایشی بۆ قوربانیدانی هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، رایگەیاند: پارێزگاری لە دەستوور و سامانی وڵات دەکەم و هەوڵی بنیاتنانی پەیوەندییەکی هاوسەنگ لەگەڵ وڵاتانی درواسێ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا دەدەم".

لەتیف رەشید، دووپاتیشی کردەوە کە بە پێی دەستوور، هەوڵی چارەسەکردنی کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەدات.  

سەرۆک کۆمار رایگەیاند کە لە "داهاتوویەکی زۆر نزیک"ـیشدا، بەرنامەی خۆی بۆ خەڵکی عێراق ئاشکرا دەکات.