هەوڵەکان بۆ لەکارلادانی سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا دەستیان پێکرد

لیز ترەس
لیز ترەس

K24 - هەولێر:

میدیا ناوخۆییەکانی بەریتانیا بڵاویانکردەوە، 100 پەرلەمانتاری پارتی پارێزگاران ئامادەییان دەربڕیوە بۆ ئەوەی نامەی کشانەوەی متمانە لە لیز ترەس سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا پێشکەش بە گراهام برادی سەرۆکی لیژنەی پارتی پارێزگاران بکەن بۆ رێکخستنی هەڵبژاردن.

بەگوێرەی راپۆرتێکی رۆژنامەی (دەیلی مەیڵ)ـی بەریتانی، پەرلەمانتاران داوایان لە سەرۆکی لیژنەی پارتی پارێزگاران کردووە کە ترەس ئاگاداربکاتەوە بەوەی کاتەکەی کۆتایی هاتووە و، داواش دەکەن رێوشوێن و یاساکانی پارتەکەیان بۆ خێرا ئاڵوگۆڕ، بەخشین و سەندنەوەی متمانە هەمواربکرێتەوە.

داونینگ ستریت هۆشداری دەدات لەو هەوڵەو، رایدەگەیەنێت، لەئەگەری لادانی تراس دەبێت دەستبەجێ هەڵبژاردنی گشتی بکرێت.

ترەس لە بانگەشەی هەڵبژارندنی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران بەڵێنی کەمکردنەوەی باجی بە هاوڵاتیانی دا، بەڵام چەند هەفتەیەک دوای دەستبەکاربوونی کواسی کوارتینگ، وەزیری دارایی کابینەکەی لە پۆستەکەی دورخستەوە و جێرمی هەنتی وەک وەزیری دارایی دەستنیشانکرد.

ئەمەش کاردانەوە و دەنگی ناڕازی بەدوای خۆیدا هێنا و ئەندامانی پارتەکەی دەیانەوێت لە پۆستەکەی دوریبخەنەوە.

پلانە داراییەکانی لیز ترەس قەیرانی سیاسی و ناجێگیری بازاڕی چڕتر کردووەتەوە و لە سەر ئاستی نێودەوڵەتیش کاردنەوەی لێکەوتووەتەوە.

جۆ بایدن سەرۆکی ئەمەریکا رەخنە لە سیاسەتی لیز ترەس دەگرێت و دەڵێ، کەمکردنەوە و نەهێشتنی باج لەسەر کەسە دەوڵەمەندەکان کارێکی هەڵەیە و هاوڕانییە لەگەڵی، جەختیشیکردەوە، ئەو پلانە داراییانەشی پەیڕەوی دەکات پلانی هەڵەن و زۆر کەسی دیکەش هاوشێوەی ئەو بە کارێکی هەڵەی دەزانن.

رۆژی 5ـی ئەیلوولـی 2022، ئەندامانی پارتی پارێزگارانی بەریتانیا، (لیز ترەس)ـیان بە سەرۆکی نوێی حزبەکەیان هەڵبژارد. بەپێی سیستەمی سیاسیی بەریتانیا، سەرۆکی حزبی براوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی، دەبێتە سەرۆکوەزیرانی وڵات.