مه‌سرور بارزانی جه‌خت له‌ پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی نزیک و گونجاودا ده‌كات

مەسرور بارزانی و  مارک برایسن ریچاردسن
مەسرور بارزانی و مارک برایسن ریچاردسن

K24 - هەولێر:

ئەمڕۆ دووشەممە 17ی ئۆکتۆبەر، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە مارک برایسن ریچاردسن باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کرد.

لە کۆبوونەوەیه‌كدا، بارودۆخی گشتیی عێراق، پرۆسەی سیاسیی و هەوڵەکانی پێکهێنانی حکومەتی نوێ تاووتوێکران.

هەردوولا هاوڕابوون لەسەر گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و هەرێمی کوردستان. جەختیش لەوە کرایەوە، کە ئێستا دەرفەتێکی نوێ هاتووەتە ئاراوە بۆ پێکهێنانی حکومەتێک، کە کاری لە پێشینەی خزمەتکردنی گشت پێکهاتەکانی عێراق بێت بەبێ جیاوازی و چارەسەری کێشەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی بکات لە سەر بنەمای پابەندبوون بە دەستوور و ناوەڕۆکی ئەو ڕێککەوتنەی بۆ پێکهێنانی حکومەت لە نێوان لایەنەکاندا کراوە، بەتایبەتی رێزگرتن لە پرنسیپەکانی ھاوبەشیی راستەقینە و هاوسەنگی و سازان.

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ دەربارەی گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کرا. سەرۆکی حکومەت جەختی لە پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە ماوەیەکی نزیک و گونجاودا کردەوە و بۆ ئەم مەبەستەش، ئامادەیی دامەزراوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستانی بۆ پێشکەشکردنی هەر هاریکاری و کارئاسانییەک دووپاتکردەوە.

لە تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا، ئاماژە بە پرۆسەی بەبازاڕکردن و هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان کرا بۆ بازاڕەکانی دەرەوە، کە لە ئایندەیەکی نزیکدا دەست پێدەکات و بەشێکە لە کارنامەی کابینەی نۆیەم لە بواری گرنگیدان بە کەرتی کشتوکاڵ و بەروبوومی ناوخۆیی و پشتیوانیکردنی جووتیارانی کوردستان. لەم رووەوە، سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەماهەنگیی و هاریکاريی دەیڤد هانت کونسوڵی گشتیی بەریتانیای لە هەرێمی کوردستان کرد.

655
657
5765
876
6