پێشبینی بارانبارین لە چەند ناوچەیەکی کوردستان دەکرێت

نمه‌باران
نمه‌باران

K24 – هەولێر

پێشبینی دەکرێت بە هۆی کاریگەری دوو نزمە پەستانی لاوازی دەریای ناوەڕاست و نیمچەدوورگەی عەرەبی، لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان باران ببارێت.

بەشی پێشبینی سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشبینی دەکات کە لە رۆژى پێنجشەممەوە (20ـی تشرینی یەکەم) ئاسمانى هەرێمی کوردستان بە گشتى بۆ نیمچەهەور و هەندێ ناوچە لە هەندێ کات بۆ هەورى تەواو بگۆڕدرێت.

رۆژى هەینى ئاسمان بەردەوام نیمچەهەور دەبێت، لە ئێوارەدا هەور زیاتر دەبێت، لە ئەگەرى دروستنەبوونى گۆڕانکارى لە پێشبینیەکان، ئەگەرى بارانبارین لەسەر بەشێک لە سنوورى پارێزگاى هەولێر و بارانێکى مامناوەند لەسەر بەشێک لە ناوچە شاخاوییەکانى سنوورى پارێزگاى هەولێر و ناوچە جیاجیاکانى سنوورى پارێزگاى دهۆک هەیە. بارانبارینى پێشبینیکراو لەسەر سنوورى پارێزگاى هەولێر و دهۆک زیاترە لە چاو ناوچەکانى دیکە.

بەشی پێشبینی کەشناسی، پێشبینی نمەبارانى پچڕ پچڕ لە سەنتەرى سلێمانى و هەڵەبجە دەکات. هەروەها پلەکانى گەرما بە چەند پلەیەک نزم دەبێتەوە، خێرایى با زیاتر دەبێت. ئەگەرى بەرزبوونەوەى تۆزوخۆڵیش لەو ناوچانەی خێرایی با زیاتر دەبێت، هەیە و بەتایبەت لە ناوچەکانی باشووری هەرێمی کوردستان. هەروەها لە کاتى نمەباران لەسەر ناوچە شاخاوییەکان ئەگەرى هەورە تریشقە هەیە. ئەو ناجێگیریەى کە دروست دەبێت، تا رۆژى دووشەممە لەسەر کەشى ناوچەکەمان بەردەوامى دەبێت.