نزار مه‌حرووس: بۆ وه‌رزی داهاتوو ده‌مانتوانی ركابه‌ری له‌سه‌ر نازناوه‌كه‌ بكه‌ین

یاسین سامییه‌ هێرشبه‌ری هه‌ولێر له‌ نێوان دوو یاریزانی ئه‌مانه‌ هه‌وڵی تێپه‌ڕبوون ده‌دات. 15 شووباتی 2022 ـ به‌غدا
یاسین سامییه‌ هێرشبه‌ری هه‌ولێر له‌ نێوان دوو یاریزانی ئه‌مانه‌ هه‌وڵی تێپه‌ڕبوون ده‌دات. 15 شووباتی 2022 ـ به‌غدا

نزار مەحرووس راهێنەری پیشەگەری سووری دوای جیابوونەوەی لە یانەی هەولێر کۆمەڵێک راستی دەدرکێنێت و پێیوایە کارگێڕی یانەکە و هاندەرانیش پەلەیان کردووە لە بڕیاردان و هێما بۆ ئەوەش دەکات دەبوو بەلایەنی کەمەوە دوو یاریزانی دیکە بگوازنەوە و کەمپێکی مەشقیش لە تورکیا بکەنەوە.

نزار مه‌حرووس راهێنه‌ری ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ زنجیره‌یه‌ك لێدوان بۆ كوردستان24 رایگه‌یاند کەسانێک قسەیان بەناوی ئه‌و کردووە، ده‌شڵێت: پێویستە مرۆڤ راستگۆ بێت و ناکرێت بە ناوی منەوە قسە بکرێت، من ئێستاش دەڵێم یاریزانەکان، بژرادەی لێژنەیەک بوون کە لە شەش ئەندام پێکهاتبوون، پێنجیان لە کارگێڕی و منیش یەکێک بووم لە نێوانیان، وەکو لێژنەی هونەری هەر یاریزانێک بەربژێر کراوە هەموویان ئۆکەیان لەسەر کردووە و رازی بوونە، واتە بژاردەی هەموومان بووە، بەڵام لە هەندێک بژاردە کەموکوڕیمان هەبووە، پێویستیمان بە یاریزانێکی دروستکەری یاریی و یاریزانێکی دیکەی پیشەگەر هەبوو، پێویستیمان بە کەمپی مەشقی دیکەش هەبوو، بۆ ئەمانە داوامان لە کارگێڕی کردووە، بەڵام دەڵێن پارەمان نییە، ئیدی نازانم دەبێت پارە لەکوێ بێنن.

نزار مه‌حرووس ده‌شڵێت: ئەمڕۆ یاریی تۆپی پێ و یانە پێویستی بە پارەی زۆر هەیە، دوو ملیار چییە؟ پێنج یاریزانی شورتە بایی دوو ملیارە، دیسان دەیڵێمەوە ئێمە دەبوو کەمپێکی دیکە لە دەرەوە بکەین، گرنگی کەمپی مەشقی لە چیە؟ گرنگی لەوەیە لەو ماوەیە شەش یاریی دەکەیت و ناوەڕۆکی تیپەکەت بۆ دەردەکەوێت و خاڵی بەهێز و لاوازی تیپەکەت دەزانی، بڕیاربوو کەمپێک لە تورکیا بکەینەوە بەڵام نەمان کردەوە، لەبەر ئەوەیە تاقیکردنەوەکەمان کەوتە نێو خول، لە پێنج یان شەش یاریی سەرەتا هەموو شتێک دەردەکەت، به‌ڵام هانده‌ران په‌له‌یان كرد.

راهێنه‌ره‌ سوورییه‌كه‌ گوتیشی: خەڵكی پێویستی بە رۆشنبیری زیاتر و چاو کراوەیی زیاتر هەیە، هەموو شتێک بە خێرایی و بە تووڕەیی  ناکرێت، تۆپی پێ پێویستی بە کات و پێشخستن و بە ئەقڵ و بە بەرنامە و لەسەرخۆیی هەیە، راستە دۆڕاین، بەڵام پێویستمان بە کات هەیە بۆ ئەوەی شیکردنەوە بۆ دۆخەکە بکەین، چونکە ئەمە بابەتی نوێکردنەوەی تیپەکەیە، هەندێک هاندەری هەولێر بە هەڵە تێگەیشتوون، پێیانوایە ئەگەر ئەو کۆمەڵە یاریزانەت هێنا واتە تەواو دەبێت رکابەری خولەکە بیت، راستیەکە ئەوەیە دەبێت بە قۆناغ بێت، ساڵی رابردوو لە هەڕەشەی دابەین دەرچووین، ئەمساڵ زیاتر بەرەوپێش ده‌چووین، دوای دوو ساڵیش بەرەو ململانێی بردنەوەی ناسناوەکە، کە ئەوکاتە دەتوانین یاریزانی باشتر و پیشەگەری سوپەر بگوازینەوە، لە کۆتاییدا گونجان لە نێو تیپەکە دروست دەبێت و ئەو کاتە دەتوانین گۆڕانکاری زۆر نەکەین و لە وەرزێکدا تەنیا چەند یاریزانێک بگوازینەوە، بۆ نموونە وەکو یانەی کارەبا یان شورتە، کە گونجاندن لە نێوان یاریزانەکان دروست بووه‌ و گویشتوونەتە پێکهاتەی تەواوی خۆیان.