له هەولێر برایەک براکەی خۆی لەسەر قەرز ده‌كوژێت
K24 – هه‌ولێر:
پۆلیسی هەولێر رایدەگەیەنێت، ئێوارەی ئەمڕۆ برایەک براکەی خۆی لەسەر قەرز ده‌كوژێت.
هۆگر عەزیز گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر، بە کوردستان24ـی راگەیاند، ئێوارەی ئەمڕۆ (سێشه‌ممه 18ـی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022) لە ناحیەی کەسنەزان، برایەک براکەی خۆی کوشت.
گوتیشی: "هۆکاری کوشتنەکەی ئەوەیە، كه كوژراو قەرزاری خه‌ڵك بووه و بكوژیش تا ئێستا ده‌ستگیرنه‌كراوه".
هۆگر عەزیز گوتیشی: "لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەستپێکردووه".
له‌مباره‌یه‌وه به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی پۆلیسی هه‌ولێر روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: هێزەکانمان لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن، بۆ ئەوەی کە رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباری ناوبراو بگیرێتەبەر.
ده‌قی روونكردنه‌وه‌كه:
دوای ئەوەی ئەمشەو رێکەوتی (18-10-2022) هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاگادارکرانەوە، کەوا لە گەڕەکی (کەمئەندامان) لە ناحیەی کەسنەزان رووداوێکی کوشتن روویداوە، دەستبەجێ هێزەکانمان گەیشتنە شوێنه‌كه و دەستیان بە لێکۆڵینەوە کرد.
لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکاندا دەرکەوت، کەسێک بەناوی (رابەر .ج.ع) تەمەن (27 ساڵ) لەلایەن براکەیەوە بەناوی (ب. ج. ع) لەسەر کێشەی پارە و قەرزداری بە چەکی جۆری (کلاشنکۆف) تەقەی لێکراوە و کوژراوە.
هێزەکانمان لەئێستادا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن بۆ ئەوەی کە رێڕەوی یاسایی بەرامبەر تۆمەتباری ناوبراو بگیرێتەبەر.