فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق: داعش لاواز بووە و توانای کۆنترۆڵکردنی هیچ ناوچەیەکی نییە

"ئەمساڵ 150 سەرکردەی داعش کوژراون"
هێزێكی سوپای عێراق
هێزێكی سوپای عێراق

K24 - هەولێر:

فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەکانی عێراق ئاشکرای دەکات، ئەمساڵ 150 سەرکردەی داعش کوژراون، بۆیە رێکخراوەکە تواناکانی لەدەستداوە.

لیوا تەحسین خەفاجی، گوتەبێژی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق رایگەیاند، ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان لەگەڵ سەرجەم هێزە ئەمنییەکانی دیکە کار دەکات بۆ لەناوبردنی پاشماوە و شانە نووستووەکانی داعش.

گوتیشی "ئێستا داعش تواناکانی لەدەستداوە و ناتوانێت هیچ ناوچەیەک کۆنتڕۆڵ بکات ئەوەش بەهۆی بەردەوامی بۆردومانەکانی سەریان و وەشاندنی بەردەوامی گورزی ئاسمانی."

خەفاجی جەختیشی کردەوە لەوەی، ‌هێزی ئاسمانی عێراقی تۆکمەیە و بەهۆی بۆردومانەکانەوە تەنیا ئەمساڵ 150 سەرکردەی داعشمان کوشتووە.

خەفاجی ئاماژە بەوە دەکات، سێ هۆکار هەن وایان کردووە داعش لە عێراق بە تەواوی لاواز ببێت، یەکەمیان کۆنترۆڵکردنی سنووری نێوان عێراق و سووریایە بە چەندین کامێرا کە بەردەوام چاودێری دەکرێت و داعش ناتوانێت دزە بکات، دووەمیان هەماهەنگی لەگەڵ پێشمەرگە و سێیەمیشیان هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی بەرگری سووریا. بۆیە ئێستا داعش لاواز بووە و توانای کۆنترۆڵکردنی هیچ ناوچەیەکی نییە و سنووری عێراق و سووریاش سەلامەتە.