ناتۆ مووشەکی دژە درۆن بۆ ئۆکرانیا دابیندەکات

"ئامانج لێی ئەوەیە تا کیێڤ بتوانێت رووبەڕووی درۆنە ئێرانییەکان ببێتەوە"
مووشەکی دژە درۆن
مووشەکی دژە درۆن

K24 - هەولێر:

یێنز ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتی ناتۆ رایگەیاند، رۆژانی داهاتوو رێکخراوەکەیان مووشەکی دژە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بۆ ئۆکرانیا دابیندەکات.

ستۆڵتنبێرگ گوتیشی: ئامانج لەو هاوکارییە ئەوەیە تا کیێڤ بتوانێت بەرامبەر هێرشە درۆنییەکان بەرگری لەخۆی بکات و رووبەڕووی درۆنەکان ببێتەوە، لەنێویاندا درۆنە ئێرانییەکان کە ئۆکرانیا و رۆژئاوا پێیان وایە لەلایەن رووسیاوە لەم جەنگە بەکاردەهێندرێن.

لە چەند رۆژی رابردوودا ئۆکرانیا رووبەڕووی ژمارەیەک هێرشی درۆنی بووەوە و، سەرۆکی ئۆکرانیاش لەو بارەیەوە رایگەیاند، ئێران درۆنی داوەتە رووسیا و داوای لە ئەمەریکا و ئەوروپا کرد، هاوکاری ئۆکرانیا بکەن بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگری مووشەکی و درۆنی.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکاش لەلای خۆیەوە رایگەیاندبوو، لە چەند رۆژی داهاتوو سیستمی بەرگری مووشەکی، ناسامز رەوانەی ئۆکرانیا دەکەن بۆ بەرگریکردن لە هێرشە درۆنییەکان.

ناسر كه‌نعانی، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆماری ئیسلامی ئێران لەو بارەیەوە رایگه‌یاند، ئه‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن، ئێران درۆنی دابێته‌ رووسیا بۆ شه‌ڕی ئۆكرانیا راست نین، ئێران هیچ چه‌كێكی نه‌داوه‌ته‌ لایه‌نه‌ به‌شه‌ڕهاتووه‌كان.