ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی باس لە درۆنی ئێرانی دەکات

"ناردنی چەکی ئێرانی بۆ رووسیا، پێشێلکردنی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە"

K24 – هەولێر

نوێنەرانی بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لە کۆبوونەوەیەکی داخراوی ئەنجوومەنەکەدا پرسی ناردنی چەک لە ئیرانەوە بۆ رووسیا و بەکارهێنانیان لە شەرێ ئۆکرانیادا، دەخەنەبەرباس.

ئاژانسی دەنگوباسی رۆیتەرز، بڵاویکردووەتەوە کە کۆبوونەوەکە ئەمڕۆ (چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەم) دەکرێ و لەسەر زاری دیپلۆماتکارێک دەڵێ: بەریتانیا، فەرەنسا و ئەمەریکا پێیانوایە ناردنی ئەو چەکە ئێرانیانە بۆ رووسیا، پێشێلکردنی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و داوا دەکەن لەوبارەیەوە زانیاریی بە ئەندامەکان بدرێت.

هاوکات نوێنەری ئۆکرانیا لە نامەیەکدا داوای لە شارەزایانی نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، ئەو "ئەو فرۆکە ئێرانیانەی خراونەتە خوارەوە" و رووسیا بۆ پێکانی ئامانجەکانی لە ئۆکرانیادا بەکاری هێناون، بە چاوی خۆیان ببینن.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن، سوپای رووسیا رۆژی دووشەممە (17ـی تشرینی یەکەم) بە 42 درۆنی جۆری شاهید، هێرشی سەر ئۆکرانیای کردووە و بەهۆیەوە پێنج کەس گیانیان لەدەستداوە. ئەو هێرشانە رۆژی دواتریش بەردەوامبوون و ئەمجارە گەورەترین ناوچەی نیشتەجێبوونی کیێف بەئامانج گیرا و بەهۆیەوە 300 هەزار کەس بێ ئاو و کارەبا بوون.  

حکومەتی ئۆکرانیا سوورە لەسەر ئەوەی هێرشەکان لە رێی درۆنی ئێرانییەوە کراون. ڤۆلۆدێمیر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا دووپاتیکردووەتەوە کە "هێرشەکان لە رێگەی درۆنی ئێرانییەوە بووە".

دوای ئەو هێرش و لێدوانانە، وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران دووپاتی لە "بێلایەنی" خۆی لە شەڕی ئۆکرانیادا کردەوە و گوتی، چەکی نە بۆ رووسیا ناردووە نە بۆ ئۆکرانیا.