کۆمپانیایەکی فەڕەنسی بە تاوانی هاوکاری لەگەڵ داعش بە ملیۆنان دۆلار سزا درا

راگەیاندنی بڕیاری دادگا لەبارەی کۆمپانیای لافارژ
راگەیاندنی بڕیاری دادگا لەبارەی کۆمپانیای لافارژ

K24 – هەولێر

کۆمپانیای پیشەسازی لافارژ، چوارەم گەورەترین بەرهەمهێنەری چیمەنتۆ لە جیهاندا، بە تاوانی پێدانی پارە بە چەکدارانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکە، بە پێدانی 778 ملیۆن دۆلار سزا درا.

ئەو کۆمپانیایە لە ساڵانی 2013 و 2014 زیاتر لە 10 ملیۆن دۆلاری بە بەرەی نووسرە و خەڵکی دیکە داوە بۆ ئەوەی کار و چالاکییەکانی کارگە چیمەنتۆکەی لە سووریا نەوەستێت.

دادگای فیدراڵی ئەمەریکا، دووپاتی کردووەتەوە، لە کاتێکدا خەڵک و هاووڵاتیانی بیانی لە لایەن چەکدارانی داعش و گرووپە تیرۆریستییەکانی دیکەوە دەڕفێندران، ئەو کۆمپانیایە پارەی بەو گرووپانە داوە.

بڕۆن پیس، دادوەری گشتیی ئەمەریکا، ئەمڕۆ (چوارشەممە 19ـی تشرینی یەکەم)، ئاشکرای کرد، کۆمپانیاکە دانی بەو کارانە ناوە و بەرپرسیارێتی ئەو تاوانانەی لەئەستۆگرتووە.

ئەوە یەکەم کۆمپانیایە لە لایەن دادگای فیدراڵی ئەمەریکا وەک تاوانباری دابینکردنی پارە بۆ گرووپە تیرۆریستییەکانی سووریا دەناسرێت.

کۆمپانیای لافارژ لە ساڵی 2015 بە کۆمپانیای هۆلسیم (گەورەکۆمپانیای سویسرایی بواری بیناسازی) فرۆشترا.