یەکێتی چاوی لە دوو وەزارەتی حکومەتی نوێی عێراقە

پەرلەمانتارێک: پشکی پارتی لە کابینەی داهاتوو سێ وەزارەتە
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا - 17/10/2022
کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی یەکێتی لە بەغدا - 17/10/2022

K24 – هەولێر

گوتەبێژی فەرمی یەکێتی نیشتمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، پشکی کورد لە کابینەی داهاتووی حکومەتی عێراق چوار وەزارەتە و چاوەڕوان دەکرێت یەکێتی دوو وەزارەت وەربگرێت، پەرلەمانتارێکی پارتیش دەڵێت: سێ وەزارەت پشکی پارتین.

سۆران جەمال تاھیر گوتەبێژی فەرمی یەکێتیی بە میدیای حزبەکەی راگەیاند، دوای راسپاردنی محەمەد شیاع سودانی بۆ پێکھێنانی حکومەتی نوێی عێراق، سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتیی کردووە، گفتوگۆیان کردووە لەبارەی دید و ھەڵوێستی یەکێتی سەبارەت بە میکانیزمی پێکھێنانی حکومەت و زامنکردنی مافەکانی گەلی کوردستان.

گوتەبێژی یەکێتی دەشڵیت: "پشکی کورد لە حکومەتی داھاتووی عێراق چوار وەزارەتە، وەزارەتێکیان سیادییە، چاوەڕوان دەکرێت، یەکێتی دوو وەزارەتیان وەربگرێت، لەگەڵ ژمارەیەک دەستە و بریکاری وەزارەت و بەڕێوەبەری گشتی".

پێشتر ئیخڵاس دلێمی ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، له‌ فراكسیۆنی‌ پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاندبوو، به‌ گشتی سێ وه‌زاره‌ت ده‌درێنه‌ پارتی، ئه‌وانیش وه‌زاره‌ته‌كانی ده‌ره‌وه‌، ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و داد، تا ئێستاش ناوی وه‌زیره‌كان ده‌ستنیشان نه‌كراون.

دلێمی گوتی: "سه‌رۆك بارزانی ناوی وه‌زیره‌كان ده‌ستنیشان ده‌كات، به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی رۆژی شه‌ممه‌ی داهاتووی په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، راسپێردراو بۆ پێكهێنانی كابینه‌ ویزارییه‌كه‌ی كۆده‌بینه‌وه‌ و ناوه‌كانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ین".

ئەمە لەکاتێکدایە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوای لە ئەنجومەنی نوێنەران کردووە، رۆژی شەممە (22ـی تشرینی یەکەمی 2022) دەنگ لەسەر پێکهێنانی حکومەتی نوێی عێراق بدەن.

رۆژی پێنجشه‌ممه‌ (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به‌ ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له‌ گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه‌ به‌ پێنجه‌مین سه‌رۆك كۆماری عێراق له‌ دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، هه‌ڵبژێردرا. دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، راسپێردرا.