زانیاری نوێ لەبارەی تەندروستی فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ دەخرێتەڕوو

ئاکام عومەر فەرماندەی هیزەکانی کۆماندۆ
ئاکام عومەر فەرماندەی هیزەکانی کۆماندۆ

K24 – سلێمانی

 مستەفا چاوڕەش بەرپرسی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە بە کوردستان 24ی راگەیاند، ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ نەشتەرگەری پێویستی بۆ کراوە لە ژێر چاودێری چڕی پزیشکیدایە، ئێستا چاوەرێی ئەنجامی نەشتەرگەرییەکان دەکەین.

سەبارەت بە دۆخی تەندروستی بریندارەکانی دیکە مستەفا چاوڕەش گوتی: "شەش بریندارەکانی دیکەی لە نەخۆشخانەن و دۆخی تەندرووستیان باشە".

لەبارەی چۆنییەتی رووداوەکە ئاماژەی بەوەدا: "لە ئۆپەراسیۆنێکدا لە ناوچەی زەنانە و دەورووبەری لە دژی داعش، دوو بۆمبی چێندراو بە هێزەکانی کۆماندۆدا تەقیووەتەوە کە بەهۆیەوە زوهێر محەممەد شەهید بوو، لەگەڵ برینداربوونی فەرماندەکەیان و شەش پێشمەرگەی دیکە".

ئاماژەی بەوەشدا، بەرەبەیانی ئەمڕۆ کاتژمێر شەش بۆ حەوت، تەرمی زوهێر محەممەد بە بەشداری هێزەکەیان و فەرماندەکانیان بەرەو زێدی خۆی لە شاری کەرکووک بەڕێکراوەتەوە.

لەسەر مەترسییەکانی داعش لەناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەرپرسی هێزەکانی 70ی پێشمەرگە گوتی: " ئەم رووداوە ئاماژەیە کە چەکدارانی داعش مەترسیان ماوە و لە بۆشایی ئەمنی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراقەوە دزە دەکەنە ناوچەکانمان".

گوتیشی: "دوو ساڵ و نیوە  دوو لیوامان درووستکردووە بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە بەڵام حکومەتی عێراق بە بیانووی نەبوونی بودجە دەستبەکاربوونی ئەو لیوایانە دوا دەخات".

دوێنێ 19/10/2022، بەهۆی تەقینەوەی دوو بۆمبی چێندراو لە سنووری قەزای کفری، ئەندامێکی هێزەکانی کۆماندۆ گیانی لەدەستدا و ئاکام عومەر فەرماندەی هێزەکانی کۆماندۆ و شەش پێشمەرگەی دیکە برینداربوون.