لە سلێمانی تەقینەوەیەک روویدا

دیمەنێکی شوێنی تەقینەوەکە
دیمەنێکی شوێنی تەقینەوەکە

K24 - سلێمانی

لە نزیک گرد عەلی ناجی لە سلێمانی بۆمبێکی دەستی بە ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییەکدا تەقییەوە. بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان چەند کەسێک بریندارن.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی رایگەیاند، هێزە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن و رێگە بە رۆژنامەنووسان نادەن بچنە شوێنی رووداوەکە.

سەرکەوت ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە کوردستان24ی گوت: "‌لە سەرەتادا هێزەکانی پۆلیس چوونەتە شوێنی رووداوەکە، بەڵام دواتر هێزەکانی ئاسایش هاتوون و پێیان گوتون ئەمە رووداوێکی ئەمنییە و ئێمە لێکۆڵینەوە دەکەین".

پەیامنێرمان راشیگەیاند، ئەو بۆمبەی تەقیوەتەوە چێندراو بووە و بە ئۆتۆمبێلێکی جۆری فۆرچنەر رەنگ سپیدا تەقیوەتەوە.

ئارام عەلی گوتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند "تیمەکامیان چوونەتە شوێنی رووداوەکە و ئاگری ئۆتۆمبێلەکەیان کوژاندوووتەوە، دواتر لەو شوێنە کشاونەتەوە".

سەرچاوەیەک لە ئاسایشی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، تیمێکی  پوچەڵكردنەوەی (تی ئێن تی) ئاسایشی سلێمانی لەشوێنی رووداوەكەن و گومان لە هەبوونی بۆمبی دیکەن دەکەن.

پەیامنێری کوردستان24 لە سلێمانی ئاماژەی بەوەشکرد، بڕیارە دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان، گوتەبێژی ئاسایشی سلێمانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا زانیاری بخاتەڕوو.