دەمیرتاش لەسەر بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە هاتەدەنگ

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان
سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان

K24 – هەولێر

سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) لەبارەی دەنگۆی بەکارهێنانی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە لە دژی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) گوتی: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی دژی مرۆڤ، تاوانە و پێویستە لێکۆڵینەوە لەو تاوانە بکرێت.

رۆژی 18ـی تشرینی یەکەم، ناوەندی پاراستنی گەل، ناسنامەی 17 چەکداری هێزەکانی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد، لە ئەنجامی هێرشی کیمیایی سوپای تورکیادا گیانیان لەدەستداوە.

سەلاحەدین دەمیرتاش، لەبارەی دەنگۆی هێرشەکەوە، داوای کرد لیژنەیەکی نێودەوڵەتی سەردانی شوێنی رووداوەکە بکات و لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکرابوونی راستییەکان بکرێت.

هەروەها گوتی: پێویستە پەرلەمان و ئۆپۆزسیۆنی تورکیا کاردانەوەیان بەرامبەر بەو تاوانە هەبێت و ئەگەر بێدەنگ بن، بە واتای بەشداربوونی ئەوانیشە لەو تاوانەدا.

دەمیرتاش دووپاتیکردووەتەوە، "لە هەر شوێنێکی ئەم جیهانە و بە هەر بیانوویەک بێت، بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانە. بەرپرسانی ئەو تاوانە دیارە هیچ سنوورێک لە شەڕدا ناناسن و ئەمەش تەنیا لە دەسەڵاتی ئاکپارتی و مەهەپە دایە. پێویستە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە لە دادگایەکی سەربەخۆدا، دادگایی بکرێن".

پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) رۆژێک پێش لە لێدوانەکەی سەلاحەدین دەمیرتاش رایگەیاند، سوپای تورکیا لە ناوچەکانی زاپ، ئاڤاشین و مەتینا، چەکی کیمیایی دژی پەکەکە بەکارهێناوە.

هەدەپە، لە بەیاننامەیەکدا و روو لە رێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان و رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکی کیمیایی رایگەیاند: بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانی شەڕە و پێویستە لێکۆڵینەوە لەو پرسە بکرێت.