کەشناسی: بارانبارین زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە

بارانبارین - ئەرشیف
بارانبارین - ئەرشیف

K24 – هەولێر

بەگوێرەی پێشبینییەکانی کەشناسی ئاسمانی هەرێمی کوردستان لەنێوان نیمچە هەور و هەوری تەواو دەبێت، لە زۆربەی ناوچەکان باران دەبارێت.

بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان پێشبینییەکانی بۆ 48 کاتژمێری داهاتوو خستەڕوو و رایگەیاند، ئەمڕۆ ئاسمان لەنێوان هەوری تەواو و نیمچە هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری بەرز بوونەوەی تۆزێکی سووک، کە لە ناوچەکانی باشووری هەرێم کاریگەری کەمێک زیاتر دەبێ، هەروەها لە ناوچە شاخاوییە سنوورییەکانی باکووری هەرێم ئەگەری کەمێک تاوەباران و هەورە بروسکە هەیە لە کاتەکانی ئێوارە.

سەبارەت بە کەشوهەوای سبەی کەشناسی رایگەیاندووە، رۆژی هەینی ئاسمان بە گشتی هەور دەبێت لەگەڵ ئەگەری تاوە باران و بروسکە، سەرەتا لە ناوچەکانی رۆژئاوای هەرێم (پارێزگای دهۆک) دەستپێدەکات پاشان زۆربەی ناوچەکانی دیکە هەرێم دەگرێتەوە، بەشێوەی تاوە باران و هەورە بروسکەی پچرپچر، رێژەی دابارین لە ناوچەکانی بادینان زیاتر دەبێت، کاریگەرى ئەم ناجێگیرەی کەش بۆ رۆژی شەممە بە لاوازی دەمینێتەوە.

 کەشناسی راشیگەیاندووە، پلەی گەرما نزم بوونەوەیەکی بەرچاو بەخۆوە دەبینێت بە جۆرێک 4 بۆ 6 پلە نزم دەبێتەوە، لە ناوچە جیاجیاکان بە بەراورد بە تۆمارکراوەکانی ئەمڕۆ.

بەرزترین پلەکانی گەرمای پێشبینیکراو بە پلەی سیلیزی:

هەولێر:  27 پلەى سیلیزى

سلێمانی:  26 پلەى سیلیزى

دهۆک:  25 پلەى سیلیزى

کەرکووک: 29 پلەى سیلیزى

هەڵەبجە:  28 پلەى سیلیزى

زاخۆ:  26 پلەى سیلیزى

سۆران:  22 پلەى سیلیزى

گەرمیان:  30 پلەى سیلیزى