تورکیا رەتیدەکاتەوە چەکی کیمایی دژی پەکەکە بەکارهێنابێت

.
.

K24 – هەولێر

سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رەتیدەکاتەوە، کە چەکی کیماییان دژی پەکەکە بەکارهێنابێت.

ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا رایگەیاند، دەنگۆکە تۆمەتبەخشینەوەیە و هۆکارەکەشی بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنانە دەگەڕێتەوە، کە بۆ پەکەکە ئەنجامدەدرێت.

گوتەبیژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئاماژەی بەوەکرد، هەڵی جوانکاری و بەبێتاوان دەرهێنانی پەکەکە دەکرێت و ئەوان بەردەوام دەبن لە رووبەڕووبوونەوەی پەکەکە.

پێشتر سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاندبوو، لە رێگەی پارێزەرانییەوە ئاگاداری ئەوە کراوەتەوە، کە چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە لە دژی چەکدارانی پەکەکە بەکارهێنراوە.

دەمیرتاش راشیگەیاندووە، پێویستە پەرلەمان و ئۆپۆزیسیۆن بەدەنگ بێن لەبەرامبەر ئەم رووداوە، چونکە بەکارهێنانی چەکی کیمیایی تاوانە دژی مرۆڤایەتی.

هەر پەیوەست بەو پرسە رۆژی 18/10/2022، هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) راگەیەندراوێکی لەبارەی گیان لەدەستدانی 17 چەکداری خۆی لە عێراق بڵاوکردەوە و رایگەیاندبوو، بەهۆی هێرشی چەکی کیمیایی لەلایەن سوپای تورکیاوە گیانیان لەدەستداوە.