ئه‌ستێره‌یه‌كی عه‌ره‌بی ئامۆژگارییه‌كی كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌كات
محه‌مه‌د ئه‌بوتریكه ئه‌ستێره‌ی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی میسر و شرۆڤه‌كاری تۆڕی هه‌واڵی بی ئێن سپۆرتسی قه‌ته‌ری ئامۆژگاری كریستیانۆ رۆناڵدۆ ده‌كات و گله‌ییش له هه‌ڵسوكه‌وتی تێن هاگ ده‌كات.
له یاریی لوتكه‌ی گه‌ڕی 12ـه‌می پرێمه‌رلیگ، شه‌وی رابردوو یانه‌ی مانچێسته‌ر یونایتد به 2 گۆڵی بێبه‌رامبه‌ر شكستیان به تۆتێنهام هێنا، له‌و یارییه‌دا كریستیانۆ رۆناڵدۆ له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ بوو، ته‌نانه‌ت بۆ یه‌ك خوله‌كیش به‌شداریی له یارییه‌كه نه‌كرد، پێش ئه‌وه‌ی یارییه‌كه‌ش كۆتایی بێت یاریگه‌ی جێهێشت، ته‌نانه‌ت ئاماده‌نه‌بوو له‌گه‌ڵ یاریزانه‌كان ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتن بگێرێت و راسته‌وخۆ یاریگه‌ی ئۆڵد ترافۆردی جێهێشت.
له‌مباره‌یه‌وه محه‌مه‌د ئه‌بوتریكه‌ی له كاتی شرۆڤه‌ی یارییه‌كه له كه‌ناڵی بی ئێن سپۆرتس ره‌خنه‌ی له كریستیانۆ رۆناڵدۆ گرت و گوتی: ئه‌و ره‌فتارانه‌ی كریستیانۆ رۆناڵدۆم به‌دڵ نییه، له به‌رامبه‌ردا مامه‌ڵه‌ی تێن هاگیش له‌گه‌ڵ یاریزانێكی گه‌وره‌ی وه‌كو رۆناڵدۆ گونجاو نییه كه به‌رده‌وام له‌سه‌ر كورسی یه‌ده‌گ بیهێڵێته‌وه.
ئه‌بوتریكه گوتیشی: ره‌فتاره‌كانی رۆناڵدۆ جوان نییه، ئه‌و له دوای یارییه‌كه‌ی نیوكاسڵ به‌رامبه‌ر مان یونایتد كه به‌شێوه‌ی سه‌ره‌كی یاریی كرد، له‌و یارییه كریستیانۆ متمانه‌ی خۆی زۆر له‌ده‌ست داوه.
ئه‌بوتریكه پێیوایه باشترین چاره‌سه‌ر بۆ رۆناڵدۆ ئه‌وه‌یه كه ته‌نیا سه‌رنجی له‌سه‌ر مۆندیال بێت، باشتروایه له‌م دۆخه‌دا ته‌نیا هه‌وڵ بۆ ئه‌وه بدات بگاته مۆندیال و تووشی پێكان نه‌بێت، بۆ ئه‌وه‌ی باشترین ئاست له‌گه‌ڵ وڵاته‌كه‌ی له مۆندیال پێشكه‌ش بكات، پاشان له گواستنه‌وه‌ی زستانه یه‌كسه‌ر له یانه‌كه‌ی بڕوات.