كۆشکی سپی: ئێران لە جەنگی ئۆکرانیادا بەشدارە

هێرشێك له‌ رێگه‌ی درۆنه‌وه‌ بۆسه‌ر كیێڤ
هێرشێك له‌ رێگه‌ی درۆنه‌وه‌ بۆسه‌ر كیێڤ

K24 – هه‌ولێر:

بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، جۆن کێربی ئاشكرایكرد، سەربازانی ئێران لە کرێمیاوە هاوکاریی رووسیایان لە بۆردومانەکانی سەر کیێڤ کردووە و گوتی: "لە ئێستادا ئێران لە گۆڕەپاندایە و راستەوخۆ بەشدارە لە شەڕەکەدا".

جۆن کێربی لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی رایگه‌یاند، رووسیا ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوانانەی کە لە ئێران کڕیویەتی بۆ کرێمیای گواستووەتەوە، ئەوە پشتڕاست دەکەینەوە ئەو سەربازانەی رووسیا کە لە کرێمیا جێگیرکراون، فڕۆکەوانە ئێرانییەکانییان لە هێرشە ئاسمانییەکانی سەر کیێڤ بەکارهێناوە، ئەوە دەزانین کە سه‌ربازه‌كانی ئێران لە کرێمیان و لەو ئۆپەراسیۆنانەدا هاوکاریی رووسیایان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، رووسیا تا ئەمڕۆ دەیان فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی لە ئێران کڕیوە و ئەو کڕین و گواستنەوەیە بەردەوام دەبێت و لەوه‌ زیاتر نیگەرانی ئەوەین کە رووسیا لە ئایندەدا بەهۆی کەمبوونی تەقەمەنی و هۆکارەکانی دیکەوە، چەکی ئاسایی وەکو مووشەک لە ئێران بکڕێت.

بەڕێوەبەری پەیوەندییە ستراتیژییەکانی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی کۆشکی سپی، ئاماژەی بەوەشکرد، فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دروستکراوەکانی ئێران لە ئۆکرانیا، ئامانجە سەربازی و مەدەنییەکان ده‌پێكن و گوتی: "ئێران نکۆڵی لە فرۆشتنی درۆن بە رووسیادا ده‌كات، بەڵام ناتوانن راستییەکان بشارنەوە، لە ئێستادا ئێران لە گۆڕەپاندایە و راستەوخۆ بەشدارە لە شەڕەکە".

جۆن كێربی جەختی لەوە کردەوە، ئەمه‌ریکا بەردەوام دەبێت لە سەپاندنی سزای سەخت بەسەر رووسیا و ئێراندا و گوتی: "پرۆسەی فرۆشتنی چەکی ئێران بە رووسیا قورس دەکەین".

کێربی باسی لەوەش کرد کە لە ئێستادا رێککەوتنی ئەتۆمی لەگەڵ ئێران كارا نییە و گوتی: "تیشک ناخەینە سەر هیچ كارێكی دیپلۆماتیی لەگەڵ ئیران".