توركیا ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ی له عێراق راگه‌یاند
K24 – هه‌ولێر:
ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا ده‌ستگیركردنی سه‌ركرده‌یه‌كی په‌كه‌كه‌ی له عێراق راگه‌یاند كه به فه‌رمانده‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌و رێكخراوه‌ی له ناوچه‌ی شنگال ناساندوویه‌تی.
ئه‌مڕۆ هه‌ینی (21ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ئاژانسی ئه‌نادۆڵی توركی بڵاویكردووه‌ته‌وه، له پرۆسه‌یه‌كی ده‌زگای هه‌واڵگری توركی (میت)، له ناوچه‌ی شنگالی پارێزگای نه‌ینه‌وا، بورهان بیچاك كه ناسراوه به "جانشێر لاشێر" ده‌ستگیركردووه و گه‌ڕاندوویانه‌ته‌وه بۆ توركیا.
هه‌روه‌ها ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، جانشێر له ساڵی 2015، له شاری دیاربه‌كره‌وه چووه‌ته رۆژئاوای كوردستان بۆ په‌یوه‌ندیكردن به ریزه‌كانی یه‌په‌گه و تا ساڵی 2020 له‌وێدا ماوه‌ته‌وه، دواتر رووی له ناوچه‌ی شنگال كردووه و به‌شداری چه‌ندین چالاكی سه‌ربازی له دژی ئامانجه‌كانی توركیا له ناوچه‌كه كردووه.