سەربەست لەزگین: لەگەڵ هاوپەیمانان پلانێکمان بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە داڕشتووە

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە

K24 – هەولێر

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، رایگەیاند، پلانێکیان داناوە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە.

سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، بە کوردستان24ی گوت: "لەگەڵ هاوپەیمانان پلانێکمان داناوە بۆ چاکسازی و یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە".

گوتیشی: "هێزەکانی 70 و 80 خەریکی خۆڕێکخستنەوەن بۆ ئەوەی بگوازرێنەوە سەر وەزارەتی پێشمەرگە".

بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە، ئاماژەی بەوەشکرد: "یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە زیاتر هانی هاوپەیمانان دەدات کە هاوکاری هەرێمی کوردستان بکەن. بەپێی ئەو پلانەی داندراوە تا چوار ساڵی داهاتوو دەبێت تەواوی هێزەکانی پێشمەرگە لە چوارچێوەی وەزارتی پێشمەرگە یەکبخرێن".

سەربەست لەزگین، راشیگەیاند: "پەیوەندی زۆرباشمان لەگەڵ تیمەکانی هاوپەیمانان هەیە، هێزەکانی هاوپەیمانان لە رووی راوێژ و مەشق و راهێنان بەردەوامن لە هاوکاریکردنی هێزی پێشمەرگە، هەروەها رۆڵی سەرەکیان هەیە لە جێبەجێکردنی پرۆسەی چاکسازی لەنێو هێزەکانی پێشمەرگە".

سەبارەت بە هەوڵەکانی دروستکردنی دوو لیوای هاوبەش لەنێوان هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق، بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە گوتی: "بەداخەوە ئەم بابەتە زۆر درێژەی کێشا، رەنگە هۆکارەکەشی زیاتر پەیوەندی بە دۆخی عێراقەوە هەبێت، ئێستا کە لایەنەکان سەرقاڵی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتن، هیوادارین لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا کاری جددی لەسەر چارەسەرکردنی ئەو دوو لیوایە بکات، کارە سەرەکییەکەش تەنها دابینکردنی بودجە و مووچەی هێزەکانە، دەستبەکاربوونی ئەو دوو لیوایە فاکتەرێکی باشە بۆ رێگریکردنی لە جمووجۆڵەکانی داعش لەو سنوورانە".