سەرۆک کۆماری پێشووی چین لە کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست دەرکرا

پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا لە شوێنەکە بوو و کاتی دەرکردنی (هو جین تائۆ)ـی بینیوە
پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا لە شوێنەکە بوو و کاتی دەرکردنی (هو جین تائۆ)ـی بینیوە

K24 – هەولێر

بەرپرسانی چین بەشێوەیەکی لەناکاو، (هو جین تائۆ) سەرۆکی پێشووی وڵاتەکەیان لە رێوڕەسمی کۆتایی کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستی چین دەرکرد.

لەو کاتەیدا (هو جین تائۆ) لە هۆڵێکی گەورەدا لە لای (شی جین پینگ) سەرۆک کۆماری چین دانیشتبوو، چەند بەرپرسێک لێی نزیک بوونەوە، قۆڵیان گرت و بردیانە دەرەوەی هۆڵەکە.

پەیامنێری ئاژانسی دەنگوباسی فەرەنسا لە شوێنەکە بوو و کاتی دەرکردنی (هو جین تائۆ)ـی بینیوە. هۆکاری ئەو کارە لە رێوڕەسمێکدا کە پلانی وردی بۆ داندراوە، تا ئێستا دیار نییە.

کاتێک (هو جین تائۆ) سەرۆک کۆمار بوو، (شی جین پینگ) جێگری ئەو بوو.

پێدەچێت کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیست بۆ سێیەم جار (شی جین پینگ) بە سەرۆک کۆمار هەڵبژێرێ و ئەمەش لە مێژووی چیندا بێوێنە دەبێ.

ئەگەر ئەم کارە بکرێت، پێگەی (شی جین پینگ) وەک بەهێزترین سەرۆک کۆمار، زیاتر جێگیر دەبێت.

لە رێوڕەسمەکەدا (هو جین تائۆ) لە ریزی پێشەوە و لە نزیک (شی جین پینگ) دانیشتبوو، دوو بەرپرس لێی نزیک بوونە و پێدەچێت داوای چۆلکردنی شوێنەکەیان لێکردبێت، بەڵام وادیار بوو ئەو حەزی لەو کارە نەبوو.

(هو جین تائۆ) شتێکی بە (شی جین پینگ) گوت و سەرۆکی چین سەری لەقاند.

(هو جین تائۆ)ـی تەمەن ٧٩ ساڵ، لە کاتی چوونەدەرێی دەستی لەسەر شانی (لی کێ چیانگ) سەرۆکوەزیرانی چین دانا و دواتر بە یاوەری چەند کەسێک، هۆڵەکەی جێهێشت. (هو جین تائۆ) ئەو کاتەی سەرۆککۆماری وڵاتەکەی بوو، پشتگیرییەکی تەواوی لە (لی کێ چیانگ) دەکرد.

بڕیارە ساڵی داهاتوو (لی کێ چیانگ) خانەنشین بکرێت.

لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی (شەممە 22ـی تشرینی یەکەم) حزبی کۆمۆنیست، سەرۆک وەزیران و سێ ئەندامی سەرکردایەتی ئەو حزبە لە کۆمیتەی ناوەندیی نوێ، دەرکران.

ئەمڕۆ دواکۆبوونەوەی کۆنگرەی حزبی کۆمۆنیستە و سبەی (شی جین پینگ) تیمی رێبەرایەتی نوێی خۆی رادەگەیەنێت.

حزبی کۆمۆنیستی چین نزیک بە 90 ملیۆن ئەندامی هەیە و وەک گەورەترین حزبی جیهان دەناسرێت.