لەبارەی بڕینی کارەبای هاووڵاتیان زانیاری دەخرێتەڕوو

تیمەکانی کارەبای هەولێر لەکاتی بڕینی سەرپێچی - 15/2/2022
تیمەکانی کارەبای هەولێر لەکاتی بڕینی سەرپێچی - 15/2/2022

K24 – هەولێر:

ئەو هاوبەشانەی پارەی کارەبایان نەداوە و قەرزی زۆریان لەسەر کۆبووەتەوە کارەبایان لێدەبڕێت، دەبێت سەردانی بەڕێوەبەرایەتی دابەشکردنی کارەبا بکەن و قەرزەکەیان بۆ دەکرێت بە قیستی مانگانە.

کەمال عەساف، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2 بە کوردستان24ی راگەیاند: "وەکو وەزارەتی کارەبا پێشتر زۆر ئاسانکاریمان بۆ هاووڵاتییان کرد، بۆ ئەوەی ئەو قەرزەی کارەبا لەسەریان کۆبووەتەوە بیدەن".

سەبارەت بە بڕیاری بڕینی کارەبای ئەو هاووڵاتیانەی پارەی کارەبا نادەن، روونیکردەوە: "ئەو بڕیارە هەموو هاووڵاتیان نین، بەڵکو ئەو کەسانەی لە 2 ملیۆن دینار بەسەرەوە قەزردارن کارەبایان لەسەر دەبڕین، لەوەشیان ئاسانکاری دەکەین قەرزەکە دەکەین بە قیست، بەڵام دەبێت هاووڵاتیان پابەندبن بە دانەوەی قەرزەکان بەشێوەی قیستی مانگانە".

راشیگەیاند، ئەو بڕیارە جگە لە ماڵی هاووڵاتییان، هاوبەشانی بازرگانی، کشتوکاڵی و پیشەسازی کە پارەی کارەبایان نەداوە دەگرێتەوە و کارەبایان لەسەر دەبڕدرێت.

کەمال عەساف، گوتی: "وەکو بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبای هەولێر/2، نزیکەی 60 ملیار دینارمان لەلای هاوبەشانی ماڵان، بازرگانی بچووک نزیکەی 16 ملیار دیناری  و بازرگانی گەورەش 17 ملیار دینار، هەروەها لە پڕۆژەکانی پیشەسازی دوو ملیار و نیو قەرز و پڕۆژەکانی کشتوکاڵی 3 ملیار دینار قەرزمان لای خەڵکە".

ئاماژەی بەوەشدا، هاووڵاتییان دەتوانن رۆژانە بۆ دانەوەی قەرزەکانی کارەبا سەردانیان بکەن و تا کاتژمێر 5ی ئێوارە کارمەندانیان لە ئەرکدا دەبن.