تیروپشكی مۆندیالی خانمان راكێشرا

مۆندیالی خانمانی 2023 به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان نیوزله‌ندا و ئوسترالیا
مۆندیالی خانمانی 2023 به‌ هاوبه‌شی له‌ نێوان نیوزله‌ندا و ئوسترالیا

لە ساڵی داهاتوو نۆیەمین جامی جیهانی خانمان بۆ یەکەمجار بە میوانداری دوو وڵات بەڕێوەدەچێت، نیوزلاند و ئوسترالیا لە 10 یاریگای جیاواز میوانداریی یارییەکان دەکەن، حەوت مانگ بەر لە دەستپێکردنی پاڵەوانییەتیەکە تیروپشکی مۆندیالی خانمان راکێشرا و ئەمریکای پاڵەوان و هەڵگری ناسناوەکە کەوتە کۆمەڵەی پێنجەمەوە.

لە نیوزلاند، تیروپشکی مۆندیالی 2023ـی خانمان راکێشرا، کە بڕیارە رکابەرییەکانی لە 20ـی یۆلیۆی ساڵی داهاتوو تاکو 20ـی مانگی دواتر لە ئوستڕالیا و نیوزلاند به‌هاوبه‌شی بەڕێوەبچێت.

نۆیەمین وەشانی مۆندیالی خانمان، بۆ یەکەمجار 32 هەڵبژاردە بەشداری تێدا دەکەن و یەکەمجارە دوو وڵات بەیه‌كه‌وه‌ میوانداریی دەکەن، یارییەکانیشی لە 10 یاریگای جیاوازی ئوستڕاڵیا و نیوزلاند بەڕێوەدەچێت.

هەڵبژاردەی ئەمریکا لە هەڵمەتی پارێزگاریکردن لە ناسناوەکە لە کۆمەی پێنجەم رووبەڕووی هەڵبژاردەکانی ڤێتنام و هۆڵەندا و هەڵبژاردەیەکی پاشکۆی پاڵاوتنەکان دەبێتەوە، ئەمریکا و هۆڵەندا لەم کۆمەڵەیە یاریی کۆتایی مۆندیالی رابردوو دووبارە دەکەنەوە ئەوکاتەی ئەمریکا یاریی کۆتایی 2-0 لە هۆڵەندا بردەوە.

خانمانی ئەمریکا خاوەنی ریکۆردن لە بردنەوەی ناسناوی مۆندیال و چوار جار لە ساڵانی 1991، 1999، 2015 و 2019 بوونەتە پاڵەوان.

لە کۆمەڵەی یەکەمیش هەڵبژاردەکانی نیوزلاندی میواندار، نەرویج، فلیپین و سویسرا بەیەک دەگەن، هەروەها لە کۆمەڵەی دووەم ئوسترالیای میواندار و کۆماری ئێرلەندا و نایجیریا و کەنەدا رووبەڕوو دەبنەوە، لە کۆمەڵەی سێێەمیش هەڵبژاردەکانی ئیسپانیا، كۆستاریکا، زامبیا و ژاپۆن بەرامبەر یەکتر یاریی دەکەن، لە کۆمەڵەی چوارەمیش هەریەکە لە ئینگلاند، دانیمارك و چین رکابەریی دەکەن و چاوەڕێێ هەڵىژاردەیەکی دیکەی پاڵاوتنەکانیش دەکەن.

لە کۆمەڵەی شه‌شه‌م یاریی ئاگرین دەکرێت، فەرەنسا، جامایکا، بەڕازیل و هەڵبژاردەیەکی دیکە رووبەڕوو دەبنەوە. کۆمەڵەی حه‌وته‌م كه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌ی مه‌رگ ناسراوه‌، پێکهاتووە لە هەڵبژاردەکانی سوید، باشووری ئەفریقا، ئیتاڵیا و ئارجێنتینا.

هەڵبژاردەی مەغریبیش کە یەکەمجارە بەشداری مۆندیال دەکات لە کۆمەڵەی هەشتەم رووبەڕووی ئەڵمانیای خاوەنی دوو ناسناوی مۆندیال و کۆڵۆمبیا و کۆریای باشوور دەبێتەوە و یارییەکانیشی لە ئوسترالیا دەکات.