ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی باشماخ کەمیکردووە

K24 – هەولێر

بەرپرسانی پارێزگای سنە لە رۆژهەڵاتی کوردستان، ئاشکرای دەکەن، ئاڵوگۆڕی بازرگانی لە دەروازەی سنووریی باشماخ کەمیکردووە و رەخنە لە وەزارەتی پیشەسازیی کۆماری ئیسلامی ئێران دەگرن.

خەلیل حەیدەری، چاودێری بەڕێوەبەرایەتی گومرگی پارێزگای سنە بە ئاژانسی فەرمیی دەنگوباسی ئێران (ئیرنا)ـی راگەیاندووە، "لە ماوەی ئەو یەک دوو ساڵەدا، دۆخی هەناردە لە پارێزگاکەمانەوە بۆ کوردستانی عێراق باش نییە".

ئەو، سەبارەت بە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بارزگانی لە دەروازەی سنووریی باشماخ دەڵێ: پێویستە هۆکارەکە لە وەزارەتی بازرگانی بپرسن، بەڵام شێوەی بازرگانیی ئێمە کۆنە و بۆیە تێچوو و کاتی زیاتری دەوێت.

بە پێی ئەو ئامارانەی (ئیرنا) بڵاویکردووەتەوە، لە ماوەی شەش مانگی یەکەمی ئەمساڵدا لە پارێزگای سنەوە 845 هەزار تۆن کەلوپەل بە نرخی 403 ملیۆن دۆلار رەوانەی هەرێمی کوردستان کراوە و ئەمەش بە بەراورد لەگەڵ شەش مانگی یەکەمی ساڵی رابردوو، لە رووی کێشەوە 37٪ و لە رووی نرخەوە 22٪ دابەزیوە.

هاوکات تەها سەمیعی، جێگری کاروباری بازرگانی و پیشەسازیی کوردستان، پێیوایە "نەبوونی سیستەمی گواستنەوەی راستەوخۆی کەلوپەلەکان لە دەروازەی سنووریی باشماخ"، یەک لە هۆکارەکانی کەمبوونەوەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو دەروازەیەیە.

سەمیعی بە (ئیرنا) دەڵێ: هەناردەکاران حەزیان لێیە زیاتر لەو دەروازە سنوورییانە کار بکەن کە توانای گواستنەوەی راستەوخۆی کەلوپەل هەیە، بەڵام ئەو سیستەمە لە باشماخ نییە و هەر بۆیە هەناردەکاران روویان لە دەروازەی سنووریی پەرویزخان کردووە.