چین و تورکیا و هیندستان بازاڕی عێراقیان کۆنترۆڵکردووە

بازاڕێکی عێراق
بازاڕێکی عێراق

K24 – هەولێر

ئامارە نافەرمییەکان ئاشکرای دەکەن، عێراق مانگانە بەتێکڕا بە بڕی دوو ملیار و 700 میلۆن دۆلار کەلوپەل لە سێ وڵاتی چین، هیندستان و تورکیا هاوردە دەکات.

بە پێی ئامارەکانی ناوەندی لێکۆڵینەوەی (عێراق موستەقبەل) لە مانگی نیسان بۆ ئاب، عێراق بایی 11 ملیار دۆلار کەلوپەلی لە چین و هیندستان و تورکیا هاوردە کردووە.

وەک لە ئامارەکەدا ئاماژەی پێکراوە، 51٪ـی ئەو کاڵایانە لە چین، 40٪ لە تورکیا و 9٪ لە هیندستان هاوردەی عێراق دەکرێن.

لە مانگی نیسان بۆ ئابی ئەمساڵ، زۆرترین هاوردە لە چینەوە، کەلوپەلی بیناسازی بە بڕی 783 ملیۆن دۆلار بووە. هەروەها لە تورکیاوە زۆرترین هاوردە، میوە بووە بە بری 332 میلۆن دۆلار و لە هیندستانیشەوە بە برێ 159 ملیۆن دۆلار شەکر هاوردەکراوە.

دوای وڵاتانی چین، تورکیا و هیندستان، ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و ئێران لە ریزبەندی چوارەم و پێنجەمی هەناردەکارانن بۆ عێراق.

بە گوێرەی زانیارییەکان لە مانگی نیسان بۆ ئابی ئەمساڵ، بە بڕی 600 ملیۆن دۆلار کەلوپەلی ئێرانی بۆ عێراق هاوردەکراوە.