نزیکەی 100 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سوید دزراون

"گوماندەکرێت لە درۆنەکانی رووسیادا بەکارهێنرابن"
کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سوید
کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سوید

K24 - سلێمانی:

نزیکەی 100 کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە سوید دزراون و گوماندەکرێت رووسیا لە درووستکردنی درۆنەکانیدا بۆ شەڕی ئۆکرانیا بەکاریهێنابن.

میدیای سویدی لە بەڕێوەبەرایەتی گواستنەوەی سویدەوە بڵاویکردووەتەوە، لە چەند مانگی رابردوودا تەنیا لە ناوچەی ستۆکهۆڵم نزیکەی 50 کامێرا دزراون کە بە گشتی لە سەرانسەری سوید ژمارەیان دەگاتە نزیکەی 100 کامێرا.

پۆلیسی سوید دەستی بە لێکۆڵینەوە کردووە و کەسێکی لەکاتی دزینی کامێرادا دەستگیرکردووە و لە ماڵێکیشدا ژمارەیەك کامێرا دەستیان بەسەرداگیرا.

پێشتر وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیا ڤیدیۆی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تێکشکاوی رووسی بڵاوکردەوە، کە درووستکراوی ناوخۆی رووسیایە و کامێراکەی هەمان جۆر و هەمان مارکەی ئەو کامێرایانە بووە کە لە سوید دزراون.

فرێدریک هایبێرگ، گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سوید بە میدیای ناوخۆی وڵاتەکەی راگەیاندووە، ئەوان ئاگاداری ئەو زانیارییانەن کە باس لە پەیوەندی نێوان کامێرا دزراوەکانی سوید و ئەو کامێرایانە دەکەن کە لە درۆنەکانی رووسیادا بەکارهاتوون.

گوتەبێژی دەزگای ئاسایشی سوید رەتیکردووەتەوە لەسەر ئەو بابەتە زانیاری بدات و دەڵێت: "ئێمە ناتوانین بچینە ناو وردەکاری زیاترەوە و قسە لەسەر کاری هەواڵگرییمان بکەین".

دزینی ئەو ژمارە زۆرە لە کامێراکانی تیژڕەوی تێچوویەکی زۆر لەسەر حکومەتی سوید دەکەوێت کە نرخی دانانەوەی یەک کامێرا نزیکەی 25 هەزار دۆلاری تێدەچێت.