سیخۆیەکی رووسی لە سیبریا کەوتەخوارەوە

ئەمە دووەم فڕۆکەی رووسیایە کە لەم مانگەدا لە خاکی رووسیادا دەکەوێتە خوارەوە
فڕۆکەی شەڕکەی رووسی su 27
فڕۆکەی شەڕکەی رووسی su 27

K24 - هەولێر:

فڕۆکەیەکی سەربازی رووسیا لە شاری ئیرکوتسكی سیبریا کەوتەخوارەوە و خۆی بە دوو باڵەخانەدا کێشا، لەئاکامدا دوو فڕۆکەوان کە ئەرکی کۆنترۆڵکردنی فڕۆکەکەیان پێ سپێردرابوو گیانیان لەدەستدا.

ئاژانسی هەواڵی فرانس پرێس لە زاری ئیگۆر کۆبزێڤ، پارێزگاری ناوچەکە بڵاویکردەوە، "هیچ یەکێك لە دانیشتوانی ناوچەکە زیانیان پێنەگەیشتووە، بەڵام هەردوو فڕۆکەوانەکە گیانیان لەدەستداوە".

ئاماژەی بەوەشدا، فڕۆکەکە لەجۆری سیخۆ (Sukhoi Su-27)ـبووە و لە گەشتێکی تاقیکاریدا کەوتووەتە خوارەوە، کە بەهۆیەوە ئاگر لە بیناکان کەوتووەتەوە.

ئەمە دووەم فڕۆکەی رووسیایە کە لەم مانگەدا لە خاکی رووسیادا دەکەوێتە خوارەوە، کەوتنەخوارەوەی یەکەم فڕۆکە رۆژی 17ـی ئەیلوول بوو، کە وەزارەتی بارودۆخە لەناکاوەکانی رووسیا بڵاویكرده‌وه‌، لە ئەنجامی کەوتنەخوارەوەی فڕۆکەیەکی جەنگی سو-34 لە شاری یەیسک لە سنووری پارێزگای کراسنەداری باشووری رووسیا، 13 کەس گیانییان لەدەستدا و  19 کەسی دیکەش برینداربوون.