بەهۆی قەیرانی وزە هۆشداری لە پەککەوتنی کەرتی پیشەسازی ئەڵمانیا دەدرێت

كارگه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا
كارگه‌یه‌كی ئه‌ڵمانیا

K24 – هه‌ولێر:

یەکێتی ژوورەکانی پیشەسازی و بازرگانی ئەڵمانیا هۆشداری لە پەککەوتنی بەرهەمی کۆمپانیا و کارگەکانی وڵاتەکەی دەدات، هۆکارەکەشی بۆ قەیرانی وزە دەگەڕێنێتەوە.

سەرۆکی یەکێتییەکە بۆ ئاژانسی هەواڵی ئەڵمانیا ئاشکرای کردووە، لەسەر ئاستی سەرجەم کەرتەکاندا، رۆژانە لە کۆمپانیاکانەوە پەیوەندییان پێوەدەکرێت و داوای هاوکاری دەکەن، کە بەهۆی گرانی نرخی وزەوە ناتوانن بۆ ساڵی داهاتوو وزەی پێویست بکڕن.

ئەو بەرپرسە گوتیشی: ئەگەر حکومەتی ئەڵمانیا چارەسەری گونجاو نەدۆزێتەوە، ئەوا بەشێک لە ئابووری وڵاتەکە پەکی دەکەوێت.

ئەمە لەکاتێکدایە ئۆلاف شۆلتس راوێژکاری ئەڵمانیا پەیمانی دابوو، حکومەتەکەی پشتیوانی تەواو بۆ هاووڵاتییان و کۆمپانیاکان دابین دەکات، تا دەرهاویشتەکانی گرانبوونی نرخی وزە لەسەریان ئاسان بکات.