سه‌لمان روشدی، بینایی چاوێكی له‌ده‌ست دا

K24 – هه‌ولێر:
ئه‌ندرۆ ویلی، به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی نووسه‌ری رۆمانی "ئایه‌ته‌كانی شه‌یتان" سه‌لمان روشدی، رایگه‌یاند، روشدی بینایی چاوێكی له‌ده‌ست داوه و ده‌ستێكیشی له‌كاركه‌وتووه.
روشدی له نیویۆرك، له مانگی ئابی رابردوودا، له لایه‌ن یه‌كێك له گوێگره‌كانییه‌وه به چه‌قۆ په‌لاماردرا و به‌و هۆیه‌وه به سه‌ختی بریندار بوو.
ویلی رایگه‌یاندووه، روشدی سێ برینی مه‌ترسیدار به قوڕگییه‌وه بوون و 15 برینیش به سینگییه‌وه، به هۆی په‌لاماره‌كه‌وه ده‌ستێكی ئیفلیج بووه و بینایی چاوێكی له‌ده‌ست داوه.
سه‌لمان روشدی، ته‌مه‌نی 75 ساڵه و 33 ساڵی ته‌مه‌نی به په‌نهانی به‌سه‌ر برد، له ترسی ئه‌و فه‌توایه‌ی دامه‌زرێنه‌ری كۆماری ئیسلامی ئێران له 1989 له دژی ده‌ری كرد.
له 12ی ئاب/ ئۆگێستی 2022دا، گه‌نجێك به ناوی هادی مه‌ته‌ر، ته‌مه‌ن 24 ساڵ، له كاتی پێشكه‌شكردنی وتارێكدا به چه‌قۆ هێرشی كرده سه‌ر سه‌لمان روشدی و به سه‌ختی برینداری كرد.
روشدی له نه‌خۆشخانه‌یه‌كی په‌نسلڤانیا خراوه‌ته ژێر چاودێری پزیشكییه‌وه و هه‌ناسه‌ی ده‌ستكردی بۆ دانراوه.
به‌ڕێوبه‌ری كاره‌كانی، ئه‌وه‌نده‌یشی ئاشكرا كردووه، كه ئێستا ره‌وشی ته‌ندرووستی ناوبراو جێگیره.