كابینه‌كه‌ی سوودانی درز ده‌خاته نێو چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی

K24 – هه‌ولێر:
له‌گه‌ڵ نزیكبوونه‌وه‌ی واده‌ی متمانه‌به‌خشین به كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق كه محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، راسپێردراوه بۆ پێكهێنانی ئه‌و كابینه‌یه، ناكۆكییه‌كانی نێوان لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر پرسی دابه‌شكردنی پۆسته‌كان زیاتر ده‌رده‌كه‌وێت.
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (23ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، کوتلەی بەدر به‌شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ به سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگییان راگەیاندووە کە دەبنە ئۆپۆزیسیۆن و نابنە بەشێك لە حکومەتەکەی محەممەد شیاع سوودانی ئەگەر پابەند نەبن بە به‌ڵێنه‌كانیان بۆ دابه‌شكردنی پۆسته‌كان به‌گوێره‌ی به‌ركه‌وته‌ی هه‌ڵبژاردن.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه حه‌نان فه‌تلاوی، په‌رله‌مانتاری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له تویتێكدا، داوای له لایه‌نه سیاسییه‌كان كردووه، فشاره‌كانیان له‌سه‌ر محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی راسپێردراو هه‌ڵگرن، بۆ ئه‌وه‌ی به ئازادانه تیمی كابینه‌كه‌ی ده‌ستنیشان بكات و پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی رابگه‌یه‌نێت.
له‌لایه‌كی دیكه‌وه، موختار موسه‌وی له هاوپه‌یمانی فه‌تح رایگه‌یاند، به‌م نزیكانه سودانی 13 وه‌زاره‌ت پێشكه‌ش ده‌كات و وه‌زاره‌ته‌كانی دیكه‌ش دوای رێككه‌وتنی لایه‌نه‌كان پێشكه‌ش ده‌كرێن و ئه‌و وه‌زاره‌تانه‌ی ناكۆكیان له‌سه‌ره به‌رگری، ناوخۆ، نه‌وت و دارایین و دواتر یه‌كلایی ده‌كرێنه‌وه.
به‌هۆی ناكۆكی لایه‌نه سیاسییه‌كان له‌سه‌ر پۆسته وه‌زارییه‌كان، تا ئێستا نه‌تواندراوه واده‌ی دانيشتنى ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ متمانه‌دان به كابینه‌كه‌ی سوودانی دیاریبكرێت.
هه‌روه‌ها محه‌ممه‌د سه‌یهود، په‌رله‌مانتاری چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌كرده‌وه، پشكی وه‌زاره‌ته‌كانی هه‌ردوو پێكهاته‌ی كورد و سووننه‌كان یه‌كلاییكراوه‌ته‌وه، ته‌نها ئه‌و 12 وه‌زاره‌ته‌ی به‌ركه‌وته‌ی لایه‌نه سیاسییه‌كانی پێكهاته‌ی شیعه‌كانه، تاوه‌كو ئێستا رێككه‌وتنی كۆتایی له‌سه‌ر نه‌كراوه.
رۆژی پێنجشه‌ممه (20ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، عارف ته‌یفور، ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی به كوردستان24ی راگه‌یاند، پشكی كورد له كابینه‌ی داهاتووی حكومه‌تی عێراق چوار وه‌زاره‌ته كه سێ وه‌زاره‌تیان به‌ركه‌وته‌ی پارتی ده‌بێت و وه‌زاره‌تێكیش ده‌ده‌نه یه‌كێتی.
سه‌باره‌ت به واده‌ی متمانه‌به‌خشین به كابینه‌كه‌ی سوودانی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، رۆژی شه‌ممه (22ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، ڤیان سه‌بری، سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به كوردستان24ی راگه‌یاند، هیچ كاتێك بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ متمانه‌به‌خشین به كابینه‌كه‌ی سوودانی دیارنییه و پێویسته 72 كاتژمێر پێش واده‌ی دانیشتنی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، كارنامه‌ی حكومه‌تی نوێ و زانیاری له باره‌ی كاندیده‌كان بگاته ده‌ستی په‌رله‌مانتاران به مه‌به‌ستی تاووتوێكردن پێش به‌ڕێوه‌چوونی پرۆسه‌ی ده‌نگدان.
هه‌روه‌ها ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه (23ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، له به‌یاننامه‌یه‌كدا محه‌ممه‌د شیاع سوودانی،جه‌ختی له‌سه‌ر به‌رده‌وامیدان به دانوستانه‌كان له‌گه‌ڵ لایه‌نه سیاسییه‌كان كرده‌وه و رایگه‌یاند، له‌ڕێگه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌وه له‌گه‌ڵ كاندیدان، پۆسته وه‌زارییه‌كان یه‌كلایی ده‌كاته‌وه و دوای ته‌واوبوونی چاوپێكه‌وتنه‌كان و دڵنیابوونه‌وه له توانا و لێهاتووییان، پێكهاته‌ی حكومه‌ته‌كه‌ی راده‌گه‌یه‌نێت.
رۆژی پێنجشه‌ممه (13ی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2022)، به ده‌نگی 162 په‌رله‌مانتار له گه‌ڕی دووه‌می ده‌نگدان، له‌تیف ره‌شید، له‌لایه‌ن ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراقه‌وه به پێنجه‌مین سه‌رۆك كۆماری عێراق له دوای رووخانی رژێمی سه‌دام، هه‌ڵبژێردرا.
دوای كۆتاییهاتنی مه‌راسیمی سوێندخواردنی سه‌رۆك كۆماری هه‌ڵبژێردراوی عێراق، محه‌ممه‌د شیاع سوودانی، كاندیدی لایه‌نه‌كانی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی عێراق، راسپێردرا.