"کابینەکەی سوودانی لە ٢٣ وەزارەت پێکدێت و کۆتایی ئەم هەفتەیە رادەگەیەندرێت"

رەسوڵ رازی
رەسوڵ رازی

K24 – هەولێر

دەوڵەتی یاسا پێشبینی دەکات کۆتایی هەم هەفتەیە کابینەی محەمەد سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، پێشکەش بە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکرێت.

رەسوڵ رازی، ئەندامی دەوڵەتی یاسا لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێ: محەمەد سوودانی رۆژی پێنجشەممەی ئەم هەفتەیە کابینەکەی خۆی ئامادە و پێشکەش بە پەرلەمانی دەکات.

ئەو پەرلەمانتارە بە میدیاکانی عێراقی راگەیاندووە، "محەمەد سوودانی بە بێدەنگی کاری خۆی دەکات و هەر 23 وەزارەتی کابینەکەی لەسەر بنەمای خاڵ و کورسیی پەرلەمانی پڕدەکاتەوە".

لێدوانی رەسوڵ رازی لەبارەی بوونی 23 وەزارەت لە کابینەکەی سوودانی، لە کاتێکدایە کە پێشتر قسە لەبارەی 22 یان 24 وەزارەت کراوە. وەزارەتەکان گوایە بەو شێوەیە دابەش دەکرێن، 12 وەزارەت بۆ شیعەکان، 6 بۆ سووننە و 4 بۆ کورد و رەنگە دوو وەزارەتیش بە پێکهاتەکان بدرێت.

ناکۆکی لەسەر پشکی لایەنەکان

سەرەڕای ئەوەی رۆژی 19ـی ئەم مانگە هاوپەیمانی بەڕێوەبردنی دەوڵەت داوایکرد، (شەممە 22ـی تشرینی یەکەم) ئەنجوومەنی نوێنەران کۆببێتەوە و دەنگ لەسەر کابینەکەی سوودانی بدات، بەڵام ئەمکارە نەکرا و گوایە کۆبوونەوەکە دوو رۆژ دواخراوە و ئێستاش رەسوڵ رازی باسی لە "کۆتایی ئەم هەفتەیە" دەکات.

هۆکاری دواکەوتنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بۆ رێکنەکەوتنی شیعە، سووننە و کورد لەسەر پۆستە وەزارییەکان دەگەڕێتەوە.

حزبەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی شیعە لەسەر وەزارەتەکان و بەتایبەت وەزارەتە سیادییەکان تا ئێستا رێکنەکەوتوون. ئەو لایەنەی پێیوایە لە پرۆسەی سەرخستنی چوارچێوەی هەماهەنگی و پێکهێنانی حکومەت هەوڵی زۆرتری داوە، دەبێ پشکی زیاتر یان وەزارەتی سیادی زیاتری پێبدرێت.

سووننەکانیش کە یەکدەست و یەکگرتوو بوون، ئێستا ناکۆکیان کەوتووەتەناو. هاوپەیمانی عەزم بە سەرۆکایەتی خەمیس خەنجەر، پۆستی وەزاری ناوێت و داوای پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران دەکات، ئەمەش لەکاتێکدایە محەممەد حەلبووسی، کۆڵەکەی سەرەکیی هاوپەیمانی سیادەی سووننەکانە و، ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانە.

لایەنی کوردستانیش (پارتی و یەکێتی) کە چوار وەزارەتیان بەردەکەوێت، لەسەر پشکەکانیان رێکنەکەوتوون. پارتی داوای سێ وەزارەت دەکات، بەڵام یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە دوو وەزارەت بە ئەوان بدرێت و دوو وەزارەتەکەی دیکە بە پارتی بدرێت.

محەمەد سوودانی هیچ وادەیەکی دیارینەکردووە

نووسینگەی محەمەد شیاع سوودانی، دووپاتی لە بەردەوامیی گفتوگۆکان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان کردەوە و ئاشکرایکرد، چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی وەزارەتەکان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەبێت کە لە کۆمەڵێک راوێژکار پێکهاتووە.

رۆژی 23ـی تشرینی یەکەم، نووسینگەی محەمەد سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا باس لە بەردەوامیی گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدی لایەنەکان بۆ وەرگرتنی پۆستی وەزاری لە حکومەتی هاوپەیمانی نوێدا، کراوە.

لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "چاوپێکەوتن لەگەڵ کاندیدانی وەزارەتەکان لە رێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەبێت کە لە کۆمەڵێک راوێژکار پێکهاتووە و لەلایەن سەرۆکوەزیرانی راسپێردراوەوە سەرۆکایەتی دەکرێت".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "بە شێوەیەکی فەرمی ناوی کاندیدەکان بۆ وەرگرتنی بەرپرسیارێتی، دوای چاوپێکەوتن رادەگەیەندرێت، دەستپاکیی کاندیدەکان لە روانگەی یاساییەوە پشتڕاست دەکرێتەوە و وادەیەک بۆ دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ پێدانی متمانە بە کاندیدەکان دیاری دەکرێت.