رۆژی دەستپێکردنی کۆنگرەی 14ی پارتی دیارکرا

لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان
لۆگۆی پارتی دیموكراتی كوردستان

K24 – هەولێر

لە 3ی مانگی داهاتوو کۆنگرەی پارتی دیموکراتی کوردستان دەستپێدەکات.

سەرچاوەیەکی ئاگادار بە کوردستان24ی راگەیاند، رۆژی 3/11/2022، کۆنگرەی پارتی لە شاری دهۆک دەستپێدەکات.

لە مانگی ئابی 2022، هەڵبژاردنی ئەندامانی کۆنگرە لە ئۆرگانەکانی پارتی دەستیپێکرد، زیاتر لە 600 هەزار ئەندام مافی دەنگدانیان هەبوو، کە 800 ئەندام بۆ بەشداریکردن لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان هەڵبژێردران، جگە لە ئەندامانی هەڵبژێردراو بەپێی پەیڕەوی کۆنگرە ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و سەرکردایەتی بەبێ دەنگدان دەبنە ئەندامی کۆنگرە، هەروەها لە %25ی ئەندامانی کۆنگرەش دەبێت ئافرەت بن.

بەگوێرەی زانیارییەکانی کوردستان24، نزیکەی هەزار کەس بەشداری لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان دەکەن.

مێژووی كۆنگره‌كانی پێشووتری پارتی دیموكراتی كوردستان:. ‌

‌1. کۆنگرەی یەکەم: ١٦ی ئابی ١٩٤٦، بە نھێنی لە شاری بەغداد، لە ماڵی (سەعید فەھیم) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٧٠) نوێنەر.

2. کۆنگرەی دووەم: لە مانگی ئازاری ساڵی (١٩٥١) لە شاری بەغداد، ماڵی (عەلی حەمدی) بەسترا، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٠) نوێنەری لق و ناوچەکانی پارتی.

3.کۆنگرەی سێیەم: ٢٦ی کانوونی دووەمی ١٩٥٣، لە شاری کەرکووک، بە ئامادەبوونی نزیکەی (٣٥–٤٠) نوێنەر بەسترا.

4. کۆنگرەی چوارەم: ٤–٧ی تشرینی یەکەمی ١٩٥٩، لە شاری بەغداد، ماڵی (کاکە زیاد) بە سەرپەرشتی مەلا مستەفا بارزانی بەسترا.

5. کۆنگرەی پێنجەم: مانگی ئایاری ساڵی (١٩٦٠)، لە بارەگای ئەوکاتی حزب لە شاری بەغداد، بەسترا.

6. کۆنگرەی شەشەم: لە سەرەتای مانگی تەممووزی ساڵی (١٩٦٤) لە شارۆچکەی قەلێدزێ بەسترا.

7. کۆنگرەی حەوتەم: ١٥ی تشرینی دووەمی ١٩٦٦، لە گەڵاڵە بەسترا.

8. کۆنگرەی ھەشتەم: ١ی تەممووزی ١٩٧٠، لە ناوپردان بە ئامادەبونی (٤٨٨) نوێنەر بەسترا.

9. کۆنگرەی نۆیەم: ٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٧٩، بەسترا و، تێیدا (مه‌سعود بارزانی) بەسەرۆک هه‌ڵبژێردرا

10. کۆنگرەی دەیەم: ٢–١٢ی کانوونی یەکەمی ١٩٨٩، لە (مەرگەوەڕ) بە بەشداری (٣٣٢) نوێنەر بەسترا.

11. کۆنگرەی یازدەیەم: ١٩٩٣، لە ھەولێری پایتەخت، بە بەشداری (٢١٧٦) نوێنەر بەسترا.

12. کۆنگرەی دووانزەیەم: ٦–١٤ی تشرینی یەکەمی ١٩٩٩، لە ھەولێر، بە بەشداری (١٤٧٣) نوێنەر بەسترا.

13. کۆنگرەی سێزدەیەم: ١١ی کانوونی یەکەمی ٢٠١٠، لە ھەولێر، بە بەشداری زیاتر لە (١٥٠٠) نوێنەر بەسترا.