داهاتی نەوت زۆرینەی بودجەی عێراق پێکدەهێنێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

K24 – هەولێر

بەگوێرەی داتاکان، بۆ پێنجەمین لەسەر یەک داهاتی نەوت 96%ـی بودجەی عێراقی پێکهێناوە.

وەزارەتی دارایی عێراق ئەژمێری کۆتایی بۆ مانگی ئاب بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە بۆ پێنجەمین مانگ لەسەر یەک داهاتی نەوت سەدا 96ـی بودجەی عێراقی پێکهێناوە.

بەپێی داتاکان، نەوت پێکهێنەرێکی سەرەکی بودجەی عێراقە و %96ی بودجە پێکهێناوە، کە ئەو رێژەیەش پێنجەمین مانگە لەسەر یەک هەمان ژمارەیە و دووبارە دەبێتەوە.

لە داتاکانی وەزارەتی داراییدا هاتووە، کۆی داهاتی نەوتی بۆ مانگی ئاب، زیاتر لە 103 ترلیۆن و 669 ملیار دینار بووە، سەرجەم داهاتە نانەوتییەکانی دیکەش 4 ترلیۆن و 504 ملیار دینار بووە، کە سەدا 4ی داهاتی عێراقیان پێکهێناوە.

لە کاتێکدا لە ساڵی رابردوو داهاتی نەوتی سەدا 92ـی داهاتی عێراقی پێکهێنابوو، بەڵام ئەم رێژەیە پێنج مانگە لەسەر یەک بۆ سەدا 96 بەرزبووەتەوە، هۆکارەکەشی بۆ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان دەگەڕێنێتەوە.