شاخەوان عەبدوڵڵا: ناکۆکی لە نێوان هەموو لایەنە عێراقییەکاندا هەیە

تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی دیارینەکراوە
شاخەوان عەبدوڵڵا
شاخەوان عەبدوڵڵا

K24 – هەولێر

شاخەوان عەبدوڵڵا جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لەگەڵ ئاماژەدان بە رێکنەکەوتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر پۆستە وەزارییەکان رایگەیاند، "تا ئێستا هیچ وادەیەک بۆ کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی نوێنەران و دەنگدان لەسەر کابینەکەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆکوەزیرانی راسپێدراو، دیارینەکراوە."

جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران، لەبارەی دانوستان و هەوڵەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی بەغدا، گوتی: تا ئێستا کوتلەکان لەسەر پۆستەکان رێکنەکەوتوون و ناکۆکیی لە نێوان هەموو لایەنەکاندا هەیە، بۆ نموونە لەسەر وەزارەتی نەوت و چەندین وەزارەتی دیکە.

شاخەوان عەبدوڵڵا هەروەها رایگەیاند: ئێمە باس لە پرسەکانی دیکە ناکەین، چونکە پێشتر لایەنەکانی ناو هاوپەیمانی ئیدارەی دەوڵەت لەسەر رێککەوتوون و ئیمزایان لەسەر کردووە.

ناکۆکییەکان و چارەنووسی کابینەکەی سوودانی

چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌سه‌ر وه‌زاره‌ته‌كانی ناوخۆ و نه‌وت له ‌ململانێدان و هاوپه‌یمانی عه‌زم و سه‌روه‌ریی سووننه‌كانیش، شه‌ڕی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی سیادی ده‌كه‌ن.

‌ناكۆكییه‌كانی هاوپه‌یمانی فه‌تح و ده‌وڵه‌تی یاسا، له‌سه‌ر پۆستی وه‌زاره‌تی نه‌وته‌، نوری مالیكی داوای ئەو وەزارەتە ده‌كات و هاوپه‌یمانی فه‌تحیش ئاماده‌نییه‌ سازشی بۆ بكات.

جیا لەو ناكۆكییه‌، گرفتێكی دیكه‌ سه‌ریهه‌ڵداوه‌، ئه‌ویش بزوتنه‌وه‌ی مافی نزیك له‌ كه‌تائیب حزبوڵڵا و بزوتنه‌وه‌ی عه‌سائیب ئه‌هلولحه‌قن كه‌ هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی ده‌زگای هه‌واڵگرییه‌كان ده‌ده‌ن. كه‌تائیبی ئیمام عه‌لییش‌ چاوی بڕیوه‌ته‌ ده‌سته‌ی گشتی حه‌شدی شه‌عبی و فالح فه‌یازیش له‌سه‌ر وه‌زاره‌تی ناوخۆ له‌گه‌ڵ دوو سه‌ركرده‌ی دیكه‌ی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی له‌مشتومڕدان.

عیزه‌ت شابه‌نده‌ر كه‌سایه‌تی سیاسی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، لایه‌نه‌كانی ناو هاوپه‌یمانی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت له ‌دۆخێكی له‌رزۆكدان و ئاسۆی رێككه‌وتن نه‌ماوه‌، ره‌نگه‌ سه‌رۆكوه‌زیرانی راسپێردراو داوای لێبوردن بكات و دووباره‌ وڵات بگه‌ڕێته‌وه‌ چوارگۆشه‌ی یه‌كه‌م.

دۆخی ناوماڵی سووننه‌كانیش پڕە له‌ ململانێ و ئاڵۆزی و هه‌رلایه‌ك هه‌وڵی به‌ده‌ستهێنانی پۆستی زیاتر ده‌دات.

له‌و باره‌یه‌وه‌ هاوپه‌یمانی ته‌قه‌دومی محه‌مه‌د حه‌لبوسی داوای پۆستی وه‌زیری به‌رگری ده‌كات و وه‌زاره‌تی پلاندانانیش بۆ هاوپه‌یمانی عه‌زم یه‌كلابووه‌ته‌وه‌، بۆ هێزه‌كانی دیكه‌ی سووننه‌ش وه‌زاره‌ته‌كانی په‌روه‌رده‌، بازرگانی، په‌یوه‌ندییه‌كان و كشتوكاڵ به‌جێهێڵدراوه‌.

ئه‌حمه‌د جبوری ئه‌ندامی هاوپه‌یمانی عه‌زم، هێرشی توند ده‌كاته‌ سه‌ر محه‌مه‌د حه‌لبوسی و ده‌ڵێت، حه‌لبوسی له‌ دابه‌شكردنی وه‌زاره‌ته‌كاندا وه‌ك پێكهاته‌ مامه‌ڵه‌‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كات و مەعقول نییە له‌به‌رانبه‌ر وەزارەتی بەرگری، پێنج وەزارەتی دیکە كه‌ ‌پشكی هه‌موو سووننه‌كانه‌ بۆ خۆی ببات.

جبوری ده‌ڵێت، "ئێمه‌ خاوه‌نی جه‌ماوه‌ر و پرۆژه‌ی خۆمانین، بۆیه‌ داوای پۆستی جێگری سه‌رۆكی حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی به‌رگری و وه‌زاره‌تێكی خزمه‌تگوزاری بۆ هاوپه‌یمانی عه‌زم ده‌كه‌ین".

كێشمه‌كێش و ململانێی نێوخۆی هێزه‌ شیعی و سوونییه‌كان له‌سه‌ر پۆسته‌ سیادی و خزمه‌تگوزارییه‌كان به‌رده‌وامه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ چاوه‌ڕوان ناكرێت به‌م نزیكانه‌ پێكهاته‌ وه‌زارییه‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سوودانی رابگه‌یه‌نرێت.