مباپێ ریكۆرده‌ مێژووییه‌كه‌ی مێسی و كریستیانۆی شكاند

كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان
كلیان مباپێ هێرشبه‌ری یانه‌ی پاریس سانجێرمان

دوای چەند مانگێك لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ پاریس سانجێرمان، رۆژنامەی لۆ پاریسیانی فەرەنسی ناوەڕۆکی گرێبەستی ئەم یاریزانە لەگەڵ یانەکەی ئاشکرا دەکات و بە گشتی مباپێ لە ماوەی گرێبەستەکەی 630 ملیۆن یۆرۆ لە سانجێرمان وەردەگرێت و پێش مێسی و رۆناڵدۆ دەکەوێتەوە، ئەم بڕە پارەیەش دەکاتە چارەکێک لە بودجەی یانەی پاریس سانجێرمان.

گەرچی لە هاوینی رابردوو نزیک بوو لە جێهێشتنی ریزەکانی پاریس سانجێرمان، بەڵام دوای هەوڵێكی زۆر توانرا ئەستێرە فەڕەنسیەکە بەهێزی ماددی رازی بکرێت لە پاریس بمێنێتەوە، لە هاوینی رابردوو گرێبەستەکەی مباپێ بۆ سێ ساڵ و تاکو هاوینی 2025 نوێ بکرێتەوە.

دوای چەند مانگێک لە نوێکردنەوەی پەیوندی نێوان یانە و یاریزانە فەرەنسیەکە، ئێستا رۆژنامەی لۆ پاریسیان ناوەڕۆکی گرێبەستەکەی مباپێی لەگەڵ سانجێرمان ئاشکرا کردووە، گرێبەستێکی خەیاڵی و مێژوویی، بە جۆرێک چارەکی بودجەی یانە فەرەنسیەکە دەکەوێتە دەستی کیلیان مباپێ.

بەپێی سەرچاوەکە مباپێ بەپێی گرێبەستەکەی لەگەڵ سانجێرمان 630 ملیۆن یۆرۆی دەست دەکەوێت، ئەمەش بە گرانبەهاترین گرێبەست دادەنرێت لە مێژوودا و پێش مێسی و کریستیانۆ دەکەوێتەوە، بەهای گرێبەستەکەی مباپێ یەکسانە بە چارەکێک لە بوجەی یانە فەرەنسیەکە.

مووچەی ساڵانەی مباپێ 72 ملیۆن یۆرۆیە، پاداشتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی 180 ملیۆن یۆرۆیە و بە سێ بەش ئەم بڕە پارەیە بە تەواوەتی وەردەگرێت، لەلایەکی دیکە 70 ملیۆن یۆرۆ وەکو پاداشتی دڵسۆزی بۆ یانەکەی وەردەگرێت، دەشتوانرێت بۆ هەر بازاڕێکی هاوینەی گواستنەوەی یاریزانان 10 ملیۆن یۆرۆی دیکە زیاد بکرێت تا ئەو کاتەی گرێبەستەکەی کۆتایی دێت.

مباپێ ریکۆردی لیۆنێل مێسی دەشکێنێت کە لە نێوان ساڵانی 2017 بۆ 2021 ئەستێرە ئارجێنتینەکە بەهای گرێبەستەکەی گەیشتووەتە 555 ملیۆن یۆرۆ، لە دوای ئەوانیش نێیمار و رۆناڵدۆی پۆرتوگالی و گاریس بەیڵ و پۆل پۆگبا دەبینرێن.