هیومان رایتس وۆچ: توركیا سه‌دان په‌نابه‌ری سووری به‌زۆر ره‌وانه‌ی وڵاته‌كه‌یان ده‌كاته‌وه
K24 - هه‌ولێر:
رێكخراوێكی مرۆیی نێوده‌وڵه‌تی بڵاویكردووه‌ته‌وه، ده‌سه‌ڵاتدارانی توركیا سه‌دان په‌نابه‌ری سووری‌یان به زۆر ناردووه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌یان.
رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ راپۆرتێكی له‌باره‌ی دۆخی په‌نابه‌رانی سووری له توركیا بڵاوكرده‌وه، تێیدا هاتووه: له‌ماوه‌ی چه‌ند مانگی رابردوودا، توركیا سه‌دان په‌نابه‌ری سووری به زۆر ناردووه‌ته‌وه سووریا.
ئه‌وه‌شی خسته‌ڕوو، له نێوان مانگی فێبرایه‌ر تا ئۆگێست، ئه‌نقه‌ره به زۆر په‌نابه‌رانی سووری ره‌وانه‌ی باكووری سووریا كردووه‌ته‌وه.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، تا ئێستا توركیا 15 هه‌زار و 149 په‌نابه‌ری سووری به زۆر ره‌وانه‌ی سووریا كردووه‌ته‌وه.
دوو ده‌روازه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له سووریا، ژماره‌ی سوورییه گه‌ڕاوه‌كانی توركیای تۆماركردووه، كه له ده‌روازه‌ی سنووری (باب الهوی) (11 هه‌زار و 645) په‌نابه‌ر و له ده‌روازه‌ی (باب السلام)یش (8 هه‌زار و 404) په‌نابه‌ر به‌زۆر ره‌وانه‌ی باكووری سووریا كراونه‌ته‌وه.
هیومان رایتس وۆچ روونیكرده‌وه، ئه‌وانه‌ی به‌زۆر ره‌وانه‌ی سووریا كراونه‌ته‌وه، به‌ناچاری واژووی گه‌ڕانه‌وه‌یان له بنكه‌كانی گه‌ڕانه‌وه یاخوود له‌سه‌ر سنووری توركیا - سووریا پێكراوه.
ئاماژه به‌وه‌شكراوه، ئه‌و سووریانه‌ی كه به‌زۆر ده‌گه‌ڕێندرێنه‌وه، هه‌ردوو ده‌ستیان به‌ستراونه‌ته‌وه، به‌شێكیشیان توندوتیژیان به‌رامبه‌ر ئه‌نجامدراوه.
نادیه هاردمان، توێژه‌ر له رێكخراوی هیومان رایتس وۆچ، له‌مباره‌یه‌وه به ماڵپه‌ری ئه‌لحوره‌ی راگه‌یاندووه، سه‌دان په‌نابه‌ری سووری له توركیا، به زۆر گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه وڵاته‌كه‌یان، ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌ك منداڵ به‌بێ دایك و باوكییش گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه، كه ئه‌مه پێشێلی یاسا نێوده‌وڵه‌تییه‌كانه.
به‌هۆی ناكۆكیی و شه‌ڕی ناوخۆ له سووریا، توركیا جێی 3.6 ملیۆن ئاواره‌ی سووری له ناوچه جیاوازه‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرده‌وه، له مانگی مایۆ/ئایاری رابردوودا، ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆكی توركیا، بڕیاریدا یه‌ك ملیۆن په‌نابه‌ر له باكووری سووریا نیشته‌جێ بكات، كه حكومه‌تی به‌شار ئه‌سه‌د تێیدا باڵا ده‌ست نییه.
به گوێره‌ی راپۆرته‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و هیومان رایتس وۆچ، تا ئێستاش سووریا شوێنێكی سه‌قامگیر نییه بۆ ژیان، ناكرێت خه‌ڵك به‌زۆر ره‌وانه بكرێته‌وه.