واشنتن: هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن رووسیاوه نییه
K24 – هه‌ولێر:
گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، رایده‌گه‌یه‌نێت، هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن رووسیاوه نییه.
نید برایس گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا، له میانه‌ی كۆنفرانسی رۆژنامه‌وانی هه‌فتانه‌ی وه‌زاره‌ته‌كه‌ی رایگه‌یاند، هیچ هۆكارێك بۆ هه‌مواركردنی دۆخی ئه‌تۆمیمان نییه و هیچ ئاماژه‌یه‌ك بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ئه‌تۆمی له‌لایه‌ن رووسیاوه نییه.
پێشتریش جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا ئاشكرایكردبوو، دوو حاڵه‌ت هه‌ن ئه‌گه‌ر رووبده‌ن مۆسكۆ چه‌كی ئه‌تۆمی به‌كار ده‌هێنیت.
دیمیتری میدڤیدیڤ، جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی رووسیا بۆ ئاژانسی نۆڤۆستی رایگه‌یاندبوو، "حاڵه‌ته‌كان بریتین له‌كاتی هێرشكردنه سه‌ر رووسیا به چه‌كی ناووكی، یاخوود هه‌ر كارێك ببێته هه‌ڕه‌شه بۆ سه‌ر بوون و سه‌روه‌ری مۆسكۆ، ئه‌وكات چه‌كی ناووكی به‌كار ده‌هێنین".
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ش ویلیه‌م بێرنز، به‌ڕێوه‌به‌ری ناوه‌ندی هه‌واڵگری ئه‌مه‌ریكا CIA پێشتر رایگه‌یاندبوو، شكسته‌كانی رووسیا له به‌رامبه‌ر ئۆكرانیا ره‌نگه وابكات ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی رووسیا دواجار په‌نا بۆ به‌كارهێنانی چه‌كی ناووكی ببات.