چەند رێگایەکی بەغدا داخران

رێوشوێنی توندی ئەمنی گیراوەتەبەر
دیمەنێکی پردی کۆماری - ئەرشیف
دیمەنێکی پردی کۆماری - ئەرشیف

K24 - هەولێر

بەهۆی مەترسی خۆپیشاندانی تشرینییەکان پردی کۆماری و بەشێک لە رێگاکانی بەغدا داخران.

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، بەهۆی مەترسی خۆپیشاندانی تشرینییەکان پردی کۆماری لە شاری بەغدا داخرا، بۆ ئەوەی خۆپیشاندەران نەگەنە گۆڕەپانی تەحریر.

 پەیامنێرمان گوتیشی "بەشێک لە رێگەکانی ناو بەغداش داخراون و رێوشێنی توندیش گیراوەتەبەر".

بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە 25/10/2022، لە شاری بەغدا تشرینییەکان دژی دۆخی سیاسی، ئەمنی و نەبوونی خزمەتگوزاری خۆپیشاندان ئەنجامدا بدەن.

ئەمە لە کاتێکدایە لە سەرەتای ئەم مانگەدا و لە یادی سەرهەڵدانی خۆپیشاندانەکانی تشرینی 2019، جارێکی دیکە لە بەغدا خۆپیشاندان کرا، لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە بڵاوە بە خۆپیشاندەران کرا و تەنها رۆژێک خۆپیشاندان بەردەوام بوو.

لە مانگی تشرینی یه‌كه‌م/ئۆكتۆبه‌ری 2019، لە بەغدا و چەند شارێکی دیکە، خۆپیشاندانی بەرفراوان دژی حکومەتی عێراق ئەنجامدرا، کە ژمارەیەک کەس گیانیان لەدەستدا و ژمارەیەکی دیکەش برینداربوون، بەشێک لە بەشداربووانی خۆپیشاندانەکانیش دەستگیرکران. خۆپیشاندەران داوای هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و گۆڕانکاریان دەکرد، بەهۆی فشاری ئەوانیشەوە هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق ئەنجامدرا، چەند ساڵێکیشە لەو یادەدا و لە سەرەتای مانگی ئۆکتۆبەر، تشرینییەکان خۆپیشاندان دەستپێدەکەنەوە.