سەرۆک كۆماری ئەڵمانیا بە سەردانێکی رانەگەیەندراو گەیشتە ئۆکرانیا

فرانک والتێر شتین مایر، سەرۆککۆماری ئەڵمانیا
فرانک والتێر شتین مایر، سەرۆککۆماری ئەڵمانیا

K24 - هەولێر

میدیاکانی ئەڵمانیا بڵاویانکردەوە، فرانک والتێر شتاین مایر، سەرۆککۆماری ئەو وڵاتە لە سەردانێکی چاوەڕواننەکراودا گەیشتووەتە ئۆکرانیا.

لە سەرەتای هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، ئەمە یەکەم سەردانی سەرۆک کۆماری ئەڵمانیایە و بڕیارە لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆککۆماری ئۆکرانیا کۆببێتەوە.

ئەو سەردانە لە کاتێکدایە، ئەڵمانیا و دوو وڵاتی دیکەی ئەوروپایی، دووپاتیانکردووەتەوە کە ناردنی فرۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە بۆ رووسیا، پێچەوانەی بڕیاری 2231ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتییە و داوایان لە نەتەوەیەکگرتووەکان کردووە، لەوبارەیەوە لێکۆڵینەوە بکەن.

وەزیرانی دەرەوە و ناوخۆی ئەڵمانیا لەو رۆژانەی دواییدا، لە نامەیەکدا داوایان لە وەزیری دارایی وڵاتەکەیان کرد یارمەتیی ماددی سوپای ئۆکرانیا بە رێژەیەکی بەرچاو زیاد بکات.

بەگوێرەی ئاژانسی دەنگوباسی فەرمیی ئەڵمانیا، لە نامەکەدا داواکراوە بڕی یارمەتیدانی ئۆکرانیا لە پڕۆژەی بوودجەی ساڵی 2023 لە 700 ملیۆن دۆلارەوە بۆ دوو ملیار و 170 ملیۆن دۆلار زیاد بکرێت.  

بڕی یارمەتیدانی ئەڵمانیا بە بەراورد لەگەڵ یارمەتی ملیاردی ئەمەریکا، رووبەڕووی رەخنەی ئۆکرانیا بووەوە و لەوبارەیەوە رەخنەی زۆریش لە ئۆلاف شۆڵتس راوێژکاری ئەڵمانیا گیراوە.  

پێشتر حکومەتی ئەڵمانیا گوتبووی، گرتنەبەری رێوشێونی لەو شێوەیە، پێویستی بە هاوئاهەنگی وڵاتانی هاوپەیمان هەیە.

هێرشی سوپای رووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا، کاریگەری زۆری لەسەر دۆخی وزە لە ئەوروپا و بەتایبەت لە ئەڵمانیا داناوە.